ئامەدسپۆر بەهۆی نووسینی کوردی لەسەر درێسەکەی سزا دەدرێت

ئامەدسپۆر بەهۆی نووسینی کوردی لەسەر درێسەکەی سزا دەدرێت

ئامەد سپۆر یەکەم یانەیە لە مێژووی تورکیادا کە لەسەر درێسەکەی درووشمی کوردی بنووسرێت.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا (TFF)، بەهۆی ئەوەی نووسینی کوردی لەسەر درێسی یاریزانەکان هەبووە، غەرامەی 110 هەزار لیرەی تورکی بەسەر “ئامەدسپۆر”دا سەپاند. پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەل (DEM) کاردانەوەی توندی بەرامبەر ئەم بڕیارە دەربڕی و بە بڕیارێکی “شەرمەزارکەر” ناوی برد.

بۆ یەکەمجار لە مێژووی تورکیادا ئامەدسپۆر لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئامەد ڕێککەوتبوو بۆ سپۆنسەرکردنی جلەکانی و لەژێر لۆگۆی کۆمپانیاکەدا بە زمانی کوردی نووسیبووی “کۆمە مێ بۆنا وی”. واتە ئەم جلانەیان لەبەر کردبوو بۆ یارییەکەی بەرامبەر ساکاریاسپۆر. بەڵام تی ئێف ئێف یانەکەی غەرامە کرد بە بیانووی ئەوەی “پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانی جلوبەرگی وەرزشی”.

سەرۆکی ئامەدسپۆر کاردانەوەی بەرامبەر ئەو بڕیارە دەربڕی و ڕایگەیاند کە دیزاینی یەکپۆشییەکە و دەقەکەی لەسەری پێشتر لەلایەن هەردوو وەزارەتی بازرگانی تورکیاوە پەسەندکراوە و خودی فیدراسیۆنیش ئەمەی قبوڵکردووە.

دەم پارتی: ئەمجۆرە مامەڵەکردنە، دەبێتە هۆی هێرشی ڕەگەزپەرستانە

لە لایەکی دیکەوە تونجەر باکرهان و تولای هاتیمۆغلاری، هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و بە توندی ڕەخنەیان لە فیدراسیۆنی فووتبۆڵی تورکیا گرت. هاوسەرۆکانی دەم پارتی ڕایانگەیاند کە ئەم بڕیارە نیشانەی تەحەمول نەکردنی زمانی کوردییە و دەڵێن: “ئەوان لە پەرلەمان زمانی کوردی قبووڵ ناکەن، لە تۆپی پێدا سزای دەدەن، ئەم جۆرە مامەڵەکردنە، هێرشی ڕەگەزپەرستانەی لێدەکەوێتەوە”.

باکرهان و هاتیمۆغولاری داوایان لە فیدراسیۆنی فووتبۆڵی تورکیا کردووە: “بە زووترین کات ئەم بڕیارە شەرمەزارییە هەڵبوەشێنێتەوە و داوای لێبوردن بکات” و دەڵێن: “ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئەم نادادپەروەری و ستەمکارییە قبووڵ ناکەین”.

پوستێن ھەمان بەش