ڕێژیمی ئێران 6 کەسی بە تۆمەتی “پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل” لەسێدارە دا

ئێران: “ئەو تۆڕە ڕاستەوخۆ دەستیان لە کوشتنی ژمارەیەک ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سپای پاسداراندا هەبووە”.
“دەزگای قەزایی ئێران” لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “دوای تەواوکردنی هەموو ڕێکارە یاساییەکان و وەرگرتنی ڕەزامەندی دادگای باڵا، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 4/10/2025، حوکمی لەسێدارەدانی شەش ‘تیرۆریستی جوداییخواز’، جێبەجێکراوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە ڕێگەی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی چەکداری و بۆردومانەوە ئاسایشی پارێزگای خوزستانیان کردبووە ئامانج”.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ئەم تۆڕە واتە (عەلی ساڵح مەجدم، محەممەدڕەزا موقەدەم، موعین خنفەری حەبیب دریس، عەدنان غوبەیشاوی و ساڵم مووسەویی) ڕاستەوخۆ دەستیان لە کوشتنی ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سپای پاسداران”ی ئێراندا هەبووە”.
دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەو کەسانەی سزادراون “دانیان بەوەدا ناوە کە پلانیان بۆ چالاکیی تێکدەرانە داڕشتووە و جێبەجێیان کردووە، وەک دروستکردن و دانانی تەقەمەنی، تەقاندنەوەی وێستگەیەکی غاز لە خوڕەمشار، هێرشی چەکداری بۆ سەر بانکەکان، فڕێدانی نارنجۆکی دەستی بۆ ناو بنکەیەکی سەربازی و تەقەکردن لە مزگەوتەکان”.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەم تۆڕە جگە لەوەی “ڕۆڵێکی سەرەکی لە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکاندا دەگێڕێت، لەگەڵ ئیسرائیلدا پەیوەندیی هەبووە و پشتگیریی لە لایەنە بیانییەکان وەرگرتووە”.