دەم پارتی پێشوازی لە بانگەوازەکەی باخچەلی بۆ سەردانیکردنی ئیمرالی دەکات

باخچەلی: “ئامانجمان ‘تورکیایەکی بێ تیرۆرە’ و ئەگەر داوای سیاسەت دەکرێت، پێویستە هەموو چەکەکان بسووتێندرێن”.
دوابەدوای لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە سەبارەت بە دەستپێکردنی “پرۆسەیەکی نوێ”، تولای هاتیمۆگولاری هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، ڕایگەیاند، پێشنیارەکەی باخچەلی بۆئەوەی کە کۆمیسیۆنەکەی پارلمان سەردانی ئیمرالی بکات، بە “زۆر گرنگ” دەزانین و ئەمەش هەنگاوێکی ئەرێنییە بەرەو قۆناغێکی نوێ.
دوای وتارەکەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە کە تیایدا باسی لە “لەدایکبوونی پیرۆز” و ئامادەکردنی “نەخشەڕێگایەکی” کردبوو، یەکەم کاردانەوە لە لایەن دەم پارتیەوە بڵاو کرایەوە.
تولای هاتیمۆغلاری، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، ئەمڕۆ 7ی ئۆکتۆبەر لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەرنجی خستە سەر قسەکانی باخچەلی سەبارەت بە عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە و وتی: “باخچەلی ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە کۆمیسیۆن دەتوانێت بچێتە ئیمرالی و هەر پرسیارێکیان هەبێت دەتوانن بەناوی کۆمەڵگای تورکیاوە بیکەن و دواتر بۆ ڕای گشتیش بڵاوی بکەنەوە. ئێمەش لەگەڵ ئەم بۆچوونەداین”.
هاتیمۆغلاری جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە بۆ داهاتووی پرۆسەکە گرنگە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “دەبێت کۆمسیۆن بچێتە ئیمرالی و وەک دانوستانکارێک لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببێتەوە. ئەمە بۆ دەربازبوون بەرەو قۆناغێکی نوێ زۆر گرنگە”.
سەبارەت بەو داواکاریەش کە دەبێت ئاراستەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) بکرێت، هاتیمۆغلاری ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان ناتوانن بەناوی هیچ کەسێکەوە بڕیار بدەن و وتی: “با کۆمسیۆن بچێت و لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە و بۆچوونی ئەو وەربگرێت”.
باخچەلی چی گوتبوو؟
ئەم لێدوانە دوای وتارەکەی دەوڵەت باخچەلی لە کۆبوونەوەی حیزبەکەیدا هات. باخچەلی لە وتارەکەیدا وتی: “تورکیا گەیشتووەتە قۆناغی لەدایکبوونێکی پیرۆز، پێویستە بنەمایەک بۆ دانوستان و نەخشەڕێگایەک بۆ چاکسازی یاسایی و سیاسی ئامادە بکرێت”.
باخچەلی لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە ئامانجیان “تورکیایەکی بێ تیرۆرە” و وتی: “برا کوردەکانمان هیچ پەیوەندییەکیان بە تیرۆرەوە نییە، ئەگەر داوای سیاسەت دەکرێت، ئەوا دەبێت هەموو چەکەکان بسووتێندرێن”.