باخچەلی: بانگەوازەکەی 27ی شوباتی ئیمرالی، لای ئێمە بنەمایە

باخچەلی ڕەخنەی توندی لە هەڵوێست و وتارەکانی بەرپرسانی دەم پارتی گرت و گوتی ئەوان بە زمانێکی بەرپرسیارانە ناجووڵێنەوە.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە، سەبارەت بە “پێڤاژۆ” ڕەخنە لە دەم پارتی دەگرێت و “هێڵی سوور”ی حیزبەکەی ئاشکرا دەکات و دەڵێ: “تەنها بانگەوازەکەی 27ی شوباتی ئیمرالی، بۆ ئێمە بنەمایە”. دەوڵەت باخچەلی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی حیزبەکەیدا لە پارلمانی تورکیا سەبارەت بە ڕۆژەڤی سیاسی و پرۆسەکە قسەی کرد.
باخچەلی دەستنیشانی کرد کە ئامانجی ئەوان ئەوەیە کە لە ڕێگای دانوستان و ڕاوێژەوە سەرجەم کێشەکانی تورکیا چارەسەر بکەن و پرۆسەی ئاشتییش هەر بۆ ئەو مەبەستە دەستیپێکردووە.
باخچەلی ڕەخنەی توندی لە هەڵوێست و وتارەکانی بەرپرسانی دەم پارتی گرت و ئیدیعای کرد کە ئەوان بە زمانێکی بەرپرسیارانە ناجووڵێنەوە و ئاماژەی بەو دروشمانە کرد کەوا لە پارلمان دەدرێن و ئەو دروشمانەی وەک “زێدەڕەوی” ناوبرد.
“بانگەوازەکەی 27ی شوبات بنەمایە”
باخچەلی دەستنیشانی کرد کە جگە لە روونکردنەوەکەی 27ـی شوباتی ئیمراڵی، هیچ گوتە، تێز، داواکاری و هەڵسەنگاندێک بەڕای ئێمە حوکمی نییە و بە بێواتای دەزانین.
باخچەلی گوتیشی: “کۆمیسیۆنی پڕۆسەی ئاشتی خەریکە کۆتایی بە کارەکانی دەهێنێت. بێگومان 41 ساڵ توندوتیژی لە ڕۆژێکدا کۆتایی نایەت. بەڵام پێویستە هەمووان و بەتایبەت لایەنی دانوستانکار زمانێکی بەرپرسیارانە بەکاربهێنن. پێویست ناکات کە لە ژێر بنمیچی پارلمانی تورکیادا دروشمی زێدەڕۆیانە بدرێت. جگە لە بەیاننامەکەی 27ی شوباتی ئیمرالی، هەر قسە و ڕوانگە و پێشنیار و هەڵسەنگاندنێک، لەلای ئێمە بێ واتایە. تەنها بانگەوازەکەی 27ی شوباتی رێبەری دامەزرێنەر بۆ ئێمە بنەمایە و ئەوانە ژیرانە هەڵسوکەوت دەکەن کە لە سەر ئەم بنەمایە بەردەوام دەبن”.