کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع کۆتایی هات

کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع کۆتایی هات

وەزیری بەرگریی سووریا: “لەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمەلایەنە لە هەموو بەرەکان و خاڵە سەربازییەکان ڕێککەوتین”.

بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان و حکومەتی سووریا ئەمڕۆ کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەیاندا جەختیان لەسەر جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی 10ی ئادار کردەوە.

میدیاکانی سەر بە بەڕیوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤای کوردستان ئەمڕۆ (سێشەممە 7ی ئۆکتۆبەری 2025) بڵاویانکردەوە، “کۆبوونەوەکەی نێوان شاندی بەڕێوەبەریی خۆسەر و حکومەتی سووریا لە دیمەشق کۆتایی هات، کە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بە نهێنی بەردەوام بوو”.

ئەو دەزگا میدیاییە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئازاری نێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) و حکومەتی سووریا و دۆخی ئەم دواییەی حەلەب کراوە.

هەمان سەرچاوە ئاشکرای کردووە کە شاندەکەی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد و رۆهلات عەفرین پێکهاتبوو و شاندەکەی حکوومەتی سووریاش لە ئەحمەد شەرع و ئەسعەد شەیبانی پێکهاتبوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر پرسە سیاسی و ئەمنییەکانیش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی 10ی ئازاردا کرا.

هاوکات هەر ئەمڕۆ وەزیری بەرگری سووریاش لە هەژماری تایبەتی خۆی تۆڕی کۆمەڵایەتیی X بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “ماوەیەکی کەم لەمەوبەر لە دیمەشق لەگەڵ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆبوومەوە”.

وەزیری بەرگریی سووریا هەروەها ڕایگەیاند، “ڕێککەوتین لەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمەلایەنە لە هەموو بەرەکان و خاڵە سەربازییەکانی باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا و پێویستە دەستبەجێ ئەم ڕێککەوتنە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.

پوستێن ھەمان بەش