داگیرکردنی کەرکووک لە 16ی ئۆکتۆبەردا، دەرئەنجامی سیاسەتەکانی تەسلیمبوونی یەنەکە بوو

ئەگەر خیانەتکاران دادگایی و زیندانی نەکرێن، ئەم هێڵە خیانەتکارە لە هەموو دەرفەتێکدا زیان بە کەرامەت و دەستکەوتەکانی کورد و کوردستان دەگەیەنێت.
کەرکووک لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 داگیرکرا، لە هێرشە داگیرکارانەکەدا بە سەرپەرشتیی قاسم سلێمانی، سوپای پاسدارانی ئێران، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی شیعەی لایەنگری ئێران و حزبوڵای لوبنان و سوپای عێراق بەشداربوون. هەشت ساڵ بەسەر ئەم ڕووداوە دڵتەزێنەدا تێدەپەڕێت و تا ئێستاش وەک ئەوەی دوێنێ ڕوویدابێت لە نەست و کۆنەستی کورداندا وەکوو ڕووداوێکی تاڵ ماوەتەوە.
بەم داگیرکارییە، بە پێی بڕیاری یەکێتی نیشتمانی (یەنەکە)، 51٪ی خاکی کوردستان ڕادەستی هێزە شیعەکان کرا.
دواتر دەرکەوت کە ڕێککەوتنێکی نۆ خاڵی لەنێوان هادی عامری، سەرۆکی حەشدی شەعبی کە هیچ پۆستێکی فەرمیی لە عێراقدا نەبووە و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەنەکەدا کراوە.
9 خاڵەکەی ڕێککەوتنی خیانەت
بەگوێرەی هەواڵ و لێدوانی بەرپرسان، لە بەرەبەیانی 16ی ئۆکتۆبەر (لای نیوەشەو)، قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و هادی عامری، سەرۆکی حەشدی شەعبی، لە کەرکووک لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کوڕی ڕەحمەتی جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی کۆچکردووی یەنەکە و هێرۆ تاڵەبانی هاوسەر و لاهوور جەنگی برازای جەلال تاڵەبانی و بەڕێوەبەری ئیستیخباراتی یەنەکە، کۆبوونەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ڕێککەوتن کراوە کە کێڵگە نەوتییەکان و فڕۆکەخانەی کەرکووک ڕادەستی هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی بکرێنەوە، هەروەها هێزی پێشمەرگەی سەر بە یەنەکەش لەو ناوچانە بکشێتەوە.
خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بەم شێوەیە بوون:
1ـ هێزە عێراقییەکان جارێکی دیکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان جێگیر دەبنەوە، هێزی پێشمەرگەش دەکشێتەوە.
2ـ جگە لە کەرکووک، 17 شار و قەزای کوردستان ڕادەستی حکومەتی ناوەندی دەکرێنەوە.
3ـ لە کەرکووک ئیدارەیەکی هاوبەش دەبێت. 15 گەڕەک لە گەرەکی کوردەکان لەلایەن کوردەوە بەڕێوەدەبرێن، 25 گەڕەکیش لەلایەن پێکهاتەکانی دیکەوە بەڕێوەدەبرێن.
4ـ حکومەتی ناوەندی کۆنتڕۆڵی شوێنە ستراتیژییەکانی کەرکووک دەکات، لەوانە بنکەی سەربازی K1 و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکان.
5ـ کردنەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی.
6ـ مووچەی فەرمانبەرانی حکومی لە سلێمانی و کەرکووک لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە دابین دەکرێت.
7ـ مووچەی پێشمەرگەکانی سنووری سلێمانی لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە دابین دەکرێت.
8ـ هەڵەبجە و سلێمانی و کەرکووک وەک هەرێمێک ڕێکدەخرێنەوە.
9ـ حکومەتێک بۆ ئەم هەرێمە نوێیە پێکدێت.
هەروەها بافڵ تاڵەبانی ئەم ڕێککەوتنەی قبووڵ کرد، کە لەلایەن “مەسعوود حەیدەر”، پەرلەمانتاری گۆڕانەوە ئاشکرا کراوە. بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی ئێستای یەکێتی، بەشداریی لە بەرنامەیەکی CNNی ئەمریکادا کرد و وتی: “بەڵگەنامەیەکم لەبەردەستدایە کە لە کۆی 50 ئەندامی سرکردایەتیی یەنەکە، واژۆی 38 ئەندامی سەرکردایەتیی لەسەرە” و دانی بەوەدانا کە کەرکووک لە ڕێگەی ئەم ڕێککەوتنەوە فرۆشراوە. بافڵ لیستی ئەو واژۆیانەی پیشاندا کە بەدەستیەوە بوو.
ڕێککەوتنەکە دەرگای بەڕووی داگیرکردنی کوردستاندا کردەوە
ئەم ڕێککەوتنە تەنها بە کەرکووکەوە سنوردار نەبوو، بەڵکوو ڕێککەوتێک بوو بۆ دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بەسەر دوو بەشدا و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بوو. پلانێکی بەرفراوان و قێزەون بەڕێوەدەچوو، ئەو هێزانەی کەرکووکیان داگیرکردبوو، لە ڕێگەی “پردێ”یەوە بەرەو هەولێری پایتەخت دەستیان بە پێشڕەوی کرد و ئەوانەشیان کە پلانیان هەبوو دهۆک داگیر بکەن، لە ڕێگای “سحێلا”وە دەستیان بە هێرش کرد. ئامانجە سەرەکییەکە داگیرکردنی هەولێری پایتەخت بوو.
پیلانەکە گەورە بوو، بەڵام هەڵمەتی دیپلۆماتیکی نێودەوڵەتی بزووتنەوەی سیاسی بارزانی و بەرخۆدانی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەرەکانی پردێ و سحێلا لە ڕێکەوتی 20ی ئۆکتۆبەردا ئەو پیلانە خیانەتکارانەیەی پووچەڵ کردەوە و تەنها بەشێک لە ڕێککەوتنە 9 خاڵیەکەی نێوان یەنەکە و شیعەکان جێبەجێ کرا.
کۆسرەت ڕەسووڵ، سەرۆکی یەنەکە: ئەمە خیانەتێکی مێژووییە
باس لەوەشکراوە، جگە لە بنەماڵەی تاڵەبانی، هیچ بەرپرسێکی باڵای یەکێتی بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا نەکردووە. فەرماندەی دەڤەری کەرکووک، کۆسرەت ڕەسوڵ، کە دوای کۆچی دوایی مام جەلال، بەشیوەی کاتی وەکوو سکرتێری گشتیی یەنەکە دەستنیشان کرابوو، ڕێککەوتنی بنەماڵەی تاڵەبانیی لەگەڵ ئێران بە خیانەت ناوبرد و ڕایگەیاند: “ئەوە ڕاستە کە بەشێک لە ئەندامانی یەنەکە چوونەتە پاڵ بەغدا و ئەمە خیانەتێکی مێژووییە، ئیرادەی ئێمە ناشکێندرێت”.
کۆسرەت ڕەسوڵ دوای دوو ڕۆژ لە ڕووداوەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “بەرپرسیارێتی کارەساتی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی عەقڵیەتی کۆنەپەرستانەی ناو یەنەکەدایە”.
ڕەحمەتی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کۆچکردووی کەرکووک کە کاردانەوەی هەبوو بەرامبەر بە ڕێککەوتنی خیانەت، داوای لە ڕای گشتی کرد بەرخۆدانی چەکداری بکەن و ڕایگەیاند، خیانەت بۆ ئەو کەسانەی کە لە 16ی ئۆکتۆبەردا خیانەتیان کرد، کارێکی زۆر ئاسانە.
جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ئەوکاتی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و کەسایەتییەکی باڵای یەکێتی، ڕایگەیاند کە گرووپێک لە ناو یەکێتیدا هەیە کە لەگەڵ حکومەتی عێراق و حەشدی شەعبیدا پەیوەندیی هەیە و ئەم گرووپە دەیهەوێت سلێمانی و هەولێر و دهۆک ڕادەست بکات، هەروەک چۆن کەرکووکی ڕادەست کرد. شێخ جەعفەر باسی لەوەشکرد، ئەو گرووپەی ناو یەنەکە کە باسی دەکرێت، دەیانهەوێت حەشدی شەعبی و سوپای عێراق هەتا سەنتەری سلێمانی بهێنن.
خیانەتەکە بەردەوامە…
هەروەها دەرکەوتووە کە پەکەکە ڕۆڵی ڕاستەوخۆی لە خیانەتەکەی کەرکووکدا هەبووە و تێیدا بەشدار بووە. پەکەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتی و حەشدی شەعبی هێزەکانی لە دوزخورماتوو و دەوروبەری کەرکووکەوە بۆ کەمپەکانی سلێمانی و مەخموور کشاندەوە. پاشان هەڵمەتێکی گەورە بە تایبەت لە ڕۆژنامەکانی تورکیادا بۆ پەردەپۆشکردنی ڕووداوەکە دەستیپێکرد و پەکەکە بەشداریی خۆی لە خیانەتەکەی کەرکووکدا شاردەوە و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی کردە ئامانج کە لە 25ی ئەیلوولدا بەڕێوەچوو. پەکەکە ئەمڕۆکەش هەمان سیاسەت درێژە پێدەدات.
خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر نەک تەنها لە کەرکووک، بەڵکو لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەرئەنجامی زۆر خراپی لێکەتۆتەوە. یەنەکە لە هاوکارییەکانی لەگەڵ بەرەی شیعە و هەوڵەکانی بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتداریی کوردستان بە پاڵپشتی بەرەی دژە کورد، بەردەوامە.
ئەو وێنەیەی لە هەشتەمین ساڵوەگەڕی خیانەتەکەی کەرکووکدا دەردەکەوێت، ئەمەیە: دەبێت خائینەکان و خیانەتکاران دادگایی بکرێن و تاوانباران زیندانی بکرێن. ئەگەر لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکرێت، ئەم هێڵە خیانەتکارە لە هەموو دەرفەتێکدا زیان بە کەرامەت و دەستکەوتەکانی کورد و کوردستان دەگەیەنێت.