میدیای پەکەکە: گەریلا سبەی هەنگاوێکی نوێ هەڵدەگرێت!

میدیای پەکەکە: گەریلا سبەی هەنگاوێکی نوێ هەڵدەگرێت!

بڕیارە پەکەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا هەنگاوێکی نوێی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری رابگەیەنێت.

لە چوارچیوەی بانگەوازەکەی 27ی شوباتی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا کە داوای لە پەکەکە کردبوو چەک دابنێت و خۆی هەلبوەشینێتەوە، پەکەکە بۆ پیشاندانی نییەتپاکی خۆی بە تورکیا، هەنگاوێکی نوێ هەڵدەگرێت.

ئەمڕۆ شەممە 25/10/2025 میدیاکانی پەکەکە بڵاویانکردەوە کە سبەینی گەریلا هەنگاوێکی مێژووی هەڵدەگرێت.

میدیای پەکەکە ڕایگەیاندووە: “لە چوارچێوەی بانگەوازیی رێبەر ئاپۆ و بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ـی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دا، سبەی گەریلاکانی ئازادیی هەنگاوێکی دیکەی مێژوویی دەنێن.”

بەپێی زانیارییەکان سبەینێ لە بناری چیای قەندیل کۆنفرانسێکی ڕاگەیاندن ساز دەکرێت ولە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا راگەیاندراوێکی فەرمی دەخوێندرێتەوە و تێیدا ئاماژە بە هەنگاوی نوێی پەکەکە بۆ پرۆسەی چارەسەری دەکرێت.

میدیاکانی باسووری کوردستان لە زمانی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بابەتەکە لە هەرێمی کوردستان بڵاویان کردۆتەوە کە، “هەنگاوەکە لەلایەن ژمارەیەک گەریلاوە دەبێت بۆ پرۆسەی ئاشتی و پێدەچێت گواستنەوەی گرووپێک گەریلابێت لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە.”

 سەرچاوەیەکی باڵای کەجەکە لەوبارەوە بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی گوتووە کە “کۆنفرانسەکە لە بناری قەندیل لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی دەبێت و هەنگاوەکە دەبێتە قۆناخی یەکەمی هەنگاوێکی کردەیی لە لایەن پەکەکەوە”.

27ی شوباتی 2025 عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە لە راگەیاندراوێکدا داوای لە پەکەکە کرد، چەک دابنێت و کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، دواتر پەکەکە رایگەیاند، 5 بۆ 07ـی ئایار، کۆنگرەی 12ی بەڕێوەبردووە و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی داوە.

هەروەها لە ڕێکەوتی 11ی تەممووزی 2025، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی، گرووپێک گەریلای پەکەکە وەک “نیازپاکی” بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیادا چەکەکانیان سووتاند.

Share

پوستێن ھەمان بەش