کاریگەری ئیمرالی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان!

کاریگەری ئیمرالی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان!

دەبێ گەلی کورد هەڵوێستی هەبێت و ڕێگە نەدات کوردانی ڕۆژئاڤا دەرفەتی گەیشتن بە ئامانجەکانیان لەدەست بدەن.

✍️ شەیخمۆس ئۆزەنگین

گوایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، زانیاریی شۆکهێنەر، کە سەرچاوە و ڕاستییەکەی پشتڕاست نەکراوەتەوە، بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە و بووەتە هۆی مشتومڕێکی نوێ لەسەر هاوسەنگییە هەستیارەکانی هەرێم و ڕۆژئاوای کوردستان.

ئیدیعای ئەوە دەکرێت کە گۆیا عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە بڕیارگەیەکی لە ئیمرالی دامەزراندووە، لە ڕێگەی تەلەکۆنفڕانسێکەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ڕۆژئاوای کوردستان (بەڕێوەبەریی خۆسەر) قسەی کردووە و کۆبوونەوەکە ئاڵۆزی و ناکۆکیی لێکەوتۆتەوە.

بەگوێرەی ئیدیعاکان، ئۆجەلان لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ڕێنمایی داوە بە شاندێکی 12 کەسیی بەڕێوەبەریی خۆسەر کە ئیلهام ئەحمەد بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرییەکەش، یەکێک لە بەشدارانی کۆبوونەوەکە بووە. جەوهەری ئەم ڕێنماییە ئەوەیە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای لە بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا کردووە کە: “دەستبەجێ پەیوەندیی لەگەڵ ڕژێمی دیمەشق دابمەرزێنێت و دانوستان بکات و هێزە سەربازییەکانی تێکەڵ بە سوپای سووریا بکات”.

ئەمەش بە کردەوە بە واتای نەهێشتنی ئەو قەوارە خۆسەرییەیە کە هەنووکە لە ڕۆژئاوا بوونی هەیە و پەیوەستبوونە بە حکوومەتی ناوەندی سووریاوە.

دەوترێت لە کۆبوونەوەکەدا هیچکەس بەرامبەر بەم “فەرمانە دیاریکراوە” ناڕەزایەتی دەرنەبڕیوە. بەڵام ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەوڵیداوە کە دۆخەکە ڕوون بکاتەوە و ڕایگەیاندووە کە؛ “واقیعی سەر زەوی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە قورس دەکات و ئەم بڕیارە نە لای هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان و نە بۆ خەڵک قبووڵکراو نییە.”

سەرنجڕاکێشترین بەشی ئەم ئیدیعایە کە لە ڕووی ئەخلاقیشەوە زۆر کێشەدارە، ئەوەیە کە ئۆجەلان کاردانەوەی توندی بەرامبەر بە ناڕەزایەتییەکەی ئیلهام ئەحمەد هەبووە. گوایە ئۆجەلان بە لێدوانێکی زۆر توند ئیلهام ئەحمەدی کردۆتە ئامانج و سووکایەتیی پێکردووە و تەنانەت لە کۆبوونەوەکەش دەریکردووە. بەگوێرەی ئەو بانگەشەیە، ئۆجەلان بەڕیوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاوای بە هاوکاری لەگەڵ زلهێزەکانی ڕۆژئاوا (ئەمریکا، فەرەنسا) تۆمەتبار کردووە و توڕەیی خۆی دەربڕیوە، چونکە فەرمانەکانی ئەم دواییەی لە ڕۆژئاوای کوردستان جێبەجێ ناکرێن.

ماوەیەکی زۆرە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئۆجەلان لە ڕێگەی نامە و پەیوەندی تەلەفۆنییەوە دەستوەردان لە بەڕێوەبەریی خۆسەر دەکات. زۆرجار بەڕێوەبەرانی ڕۆژئاڤای کوردستانی ناچار کردووە لەگەڵ میتی تورکیا دانوستان بکەن و داواکارییەکانیان قبووڵ بکەن. ئەم ئیدیعایە ئەگەر ڕاست بێت، لە زۆر لایەنەوە مشتومڕی قووڵ دەوروژێنێت:

ڕێنمایی ئۆجالان بۆ یەکگرتن لەگەڵ ڕژێمی دیمەشق لەگەڵ ستراتژی بنەڕەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا پێکناکۆکە کەوا ساڵانێکی زۆرە بە ئایدیالی خۆسەری و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکەوە کاردەکات. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆکاری شکەستێکی بنەڕەتی بۆ داهاتووی گەلی کورد لە ناوچەکە و هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکانی کورد.

کەسێک کە لە ئیمرالی بڕیارگەیەکی بۆ خۆی دامەزراندووە و لە ژێر دەستی دەوڵەتی تورکاندایە و هیچ خزمەتێک بە کورد ناکات، چۆن قبووڵ دەکرێت کە لە ڕێگەی تەلەکۆنفڕانسێکی وەها ئاست بەرزەوە، بڕیارێکی هەرە کریتیکی ناوچەیی بدات؟

ئەم میکانیزمە سیاسیانەی کە لە ئیمرالی دامەزراون، نیشان دەدەن و دەیسەلمێنن کە ئەو ستراتژیەی لەسەر کورد جێبەجێ دەکرێت، ستراتژیی قووڵی خودی دەوڵەتی تورکە. ئەم دۆخە کاریگەریی ڕەمزی و پراکتیکی دەوڵەتی تورک ـ ئۆجەلان لەسەر تەڤگەری پەکەکەش پشتڕاست دەکاتەوە.

ئیلهام ئەحمەد یەکێکە لە ڕووخسارە ناسراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زۆرترین جار بە موخاتەب وەردەگیرێت. ئەم سوکایەتی و دەرکردنە لە کۆبوونەوەکە (ئەگەر ڕوویدابێت) تەنها بابەتی شەخسی نییە، بەڵکوو کاردانەوەیە بەرامبەر بە گرنگی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان کە بەڕێوەبەریی خۆسەر لە ڕێگای پەیوەندییە دیپلۆماتیک و نێودەوڵەتییەکانەوە هەوڵی چەسپاندیان دەدات.

سووکایەتیکردن بە ئیلهام ئەحمەد و دەرکردنی لە کۆبوونەوەکە (ئەگەر ڕوویدا) زیاترە لە ناکۆکی نێوان دوو کەس، بە ڕوونی جیاوازییە ئایدۆلۆژی و ستراتژییەکانی نێوان باڵە جیاوازەکانی تەڤگەری پەکەکە ـ ئۆجالان و گەلی کورد ئاشکرا دەکات.

لە کاتێکدا کە بەڕیوەبەریی خۆسەر هێزێکی فیعلیی کاریگەری لەسەر زەوی دامەزراندووە، فەرمانی “گەڕانەوە” یان “تەسلیمبوون” لە سەرچاوکەی سەرەکیی ئایدیۆلۆژییەکەیەوە، دەتوانێت خەباتی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، تووشی قەیرانێکی نوێ بکات. ئەم بانگەشەیە جارێکی تر ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئایندەی ناوچەکە، نەک تەنها لە میحوەر، بەڵکوو هاوکات بەو ڕێنماییانەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دەوڵەتی تورک لە پشت پەردەوە ئەنجامی دەدەن، پێشێلکردنی خودی ئیرادەی نەتەوەی کوردە.

دەوڵەتی تورک و عەبدوڵڵا ئۆجەلان وێکڕا ئەم پێشێلکارییەی ئیرادەی گەلی کورد ئەنجام دەدەن. پێویستە گەلی کورد لەدژی ئەو کاریگەرییە نەرێنییە هەڵوێستی هەبێت و ڕێگە نەدات کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان دەرفەتی گەیشتن بە ئامانجەکانی لەدەست بدەن.

Share

پوستێن ھەمان بەش