کشانەوەی پەکەکە هەنگاوێکی مێژووییە یان خیانەتێکی تر؟

کشانەوەی پەکەکە هەنگاوێکی مێژووییە یان خیانەتێکی تر؟

ئەم هەنگاوە جگە لە تەسلیمبوون و خیانەتێکی مێژوویی و نەتەوەیی و نیشتمانی، هیچی تر نییە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، پەکەکە ڕایگەیاند کە هەموو هێزەکانی لە باکووری کوردستانەوە بۆ باشووری کوردستان دەکشێنێتەوە و ئەم هەنگاوەی بە هەنگاوێکی مێژوویی ناوبردووە. بەڵام لە واقیعدا ئەمە نەک هەر هەنگاوێکی مێژوویی نییە، بەڵکوو هەنگاوێکی دیکەی خیانەتکارانەیە کە دەخرێتە سەر ئەو هەنگاوە خیانەتکارانەی دیکە، کەوا لەلایەن ئەم حزبەوە نراوە.

ساڵانێکە پەکەکە خۆی وەک هێزی بەرخۆدان لە بەرامبەر سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی حکومەتی تورکیا نیشان دەدات؛ بەڵام ئێستا، هەواڵی کشانەوەی لە خاکی تورکیا، جگە لە دابڕان لەو دروشمانە، هیچی دیکە نیە. کشانەوە لە بەرەنگاربوونەوەی  تورکیا کە تا ئێستاش دەستی بە خوێنی هەزاران کورد سوورە، لە تەسلیمبوون بە سیستەمێکی شەرمەزاری و جیاکاری زیاتر هیچی دیکە نییە.

ئەوەی پەکەکە بە “تاکتیک” ناوی دەبات، لە ڕاستیدا پاشەکشەیە لە ئایدیاڵەکانی ئەو خەڵکەی کە لە شاخ و شاردا باجی قورسیان لەپێناو ئازادیدا داوە. لە مێژووی خەبات و تێکۆشان لەپێناو ئازادیدا، هیچ کەسێک نەیتوانیوە بە پاشەکشە کردن مافی خۆی نەبردۆتەودەستەبەر بکات. ئەم هەنگاوە نەک هەر دوژمن بوێرتر دەکات، بەڵکوو بۆشایی لە ڕیزەکانی ئەو کەسانەدا دروست دەکات کە هێشتا باوەڕیان بە خەبات و بەرخۆدان هەیە.

ئەگەر بڕیار بێت کە ئایندەیەکی ئازاد و یەکسان بنیات بنرێت، ئەوە ڕێگا ڕاستەکە نییە. کشانەوە لە خاکی تورکیا پاشەکشەکردنە لە ویژدانی مێژوویی نەتەوەیەکی چەوساوە، نەتەوەیەک کە ساڵانێکە لە دژی لەناوبردنی کولتوور و ناسنامەکەی خەبات و بەرخۆدان دەکات.

ساڵانێکە پەکەکە لەژێر ناوی بەرخۆدان، شاخ و دەشتەکانی کوردستانی بە خوێنی لاوانی کورد سوور کردووە. بەڵام ئەمڕۆ هەواڵی کشانەوەی لە باکووری کوردستان، بەبێ هیچ دەستکەوتێکی نەتەوەیی، وەک هەنگاوێکی مێژوویی لە بەرژەوەندی گەلی کورد دەخاتەڕوو. نە پەکەکە و نە هیچ هێز و لایەنێکی تر ناتوانن پاساو بۆ ئەم پاشەکشەیە بهێننەوە، ئەمە نە تاکتیکە، نە ئاشتییە، نە سیاسەتە و نە هیچ شتێکی تر، تەنها یەک وشە هەیە بۆ ڕاڤەکردنی ئەم هەنگاوە و ئەویش ئەوەیە: تەسلیمبوون.

مرۆڤ چۆن دەتوانێ لە خاکێک بکشێتەوە کە هێشتا و منداڵان و گەنجان و بەساڵاچووەکانی لە ژێر زەخت و کاولکارییەکانی  سیاسەتی کۆلۆنیالیزمدا دەناڵێنن؟ مرۆڤ چۆن دەتوانێ لە هەمبەر دوژمنێکدا هەنگاوێک بۆ دواوە بنێت کە بە پانەوە درێژە بە جینۆساید و قڕکردنی کولتووری و سیاسی نەتەوەکەی دەدات؟ ئەم کشانەوەیە نە بڕیارێکی سیاسییە و نە ستراتژییەکی سەربازییە، بەڵکوو دابڕانێکی ستراتژیکییە لە دۆزی نەتەوەیەکی ستەملێکراو و خاکێکی داگیرکراو. کشانەوە لە تورکیا بە واتای بەجێهێشتنی ئەو مەیدانی جەنگەیە کەوا تا ئێستاش دەسووتێت.

مێژوو ئەم پاشەکشەیە لەبیر ناکات. هیچ هێزێک، هیچ ڕێککەوتنێک ناتوانێت پەڵەی ئەم تەسلیمبوونە لە پێشانی و ناوچاوانی ئەو کەسانە بسڕێتەوە کە لەبری بەرخۆدان ڕێگای پاشەکشەیان هەڵبژاردووە. بۆیە پێویست ناکات کە پەکەکە لە ڕێگای هیچ پەیڤ و کەسێکەوە، هەوڵی ئەوە بدات کە ئەم تەسلیمبوونە وەک هەنگاوێکی مێژوویی لەلایەن نەتەوەی کوردەوە قبووڵ بکرێت. ئەم هەنگاوە جگە لە تەسلیمبوون و خیانەتێکی مێژوویی و نەتەوەیی و نیشتمانی، هیچی تر نییە.

Share

پوستێن ھەمان بەش