ئایا کادیرانی ڕۆژئاڤای پەکەکە دەتوانن خۆیان لە ئۆجەلان ڕزگار بکەن؟ ـ بەشی یەکەم

ئۆجەلان دەیهەوێت بەبێ ئەوەی ناسنامەی کورد بەرجەستە بکرێت و سنوورەکان بگۆڕدرێن، ڕۆژئاڤا تێکەڵ بە دەوڵەتی سووریا بکات.
ئایا ڕۆژئاڤا بارتەقای ئەو قوربانیانەی کە داویەتی، دەستکەوتی بەدەستهێناوە؟ لێکەوتەکانی کاریگەریی ئۆجەلان و پەکەکە لەسەر ڕۆژئاڤا، چی بوون؟
کاروانی 14 ساڵەی ڕۆژئاڤا کوردستان کە لە ساڵی 2011ـەوە دەستی پێکردووە، هێشتا بەردەوامە. لەو کاتەوە نەتەوەی کورد، بە جۆرێک لە جۆرەکان، بۆ ڕۆژئاڤا سەفەربەر بوون و ئەوەی لەدەستیان هاتبێت بۆ یارمەتیدانی ئەو بەشەی نیشتمان، درێغییان نەکردووە. کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان گیان و خوێنی خۆیان فیدا کردووە بۆ ئەوەی کە دوای باشووری کوردستان، ڕۆژئاڤای نیشتمانیش بتوانی بۆ کورد و کوردستان سەرچاوەی هیوا و ڕووناکی بێت. بەڵام ئایا ئەم فیداکارییانە، چەندەیان دەرئەنجام و دەسکەوت هەبووە؟ ئایا دەتوانین ئەو پراکتیزەیە لە ڕۆژئاڤا بە سەرکەوتوو بزانین؟ ئایا کورد ئەوەی بەدەستی هێناوە، بارتەقای ئەو قوربانیانە دەبێت کە پێشکەشی کردوون؟ ئەگەر وەها نەبێت، کەواتە سوودی چ بوو؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە هەم ویژدان و هەمیش ڕاستگۆیی دەوێت. کورد تەنها لە عەفرین 5 هەزار شەهیدی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کردووە. بە گشتی دادپەروەرانە دەبێت ئەگەور بڵێین نزیکەی 15 هەزار شەڕڤانی کورد لە ڕۆژئاڤا گیانیان بەخت کردووە. جگە لەوەش هێشتا 8-9 هەزار هاوڵاتی مەدەنی وەک بێسەروشوێن ناویان هاتووە. بە خەمڵاندنێکی گشتی دەردەکەوێت کە قوربانیدانێکی گەورە هەبووە، بەڵام ئایا دەستکەوتەکان بارتەقای ئەو قوربانییانەن؟
ڕۆڵی پەکەکە لە جیاوازیی نێوان قوربانییەکان و دەسکەوتەکاندا چییە؟
بەڵێ لە ڕۆژئاڤا دەستکەوت هەبووە، بەڵام گیانلەدەستدان و کاولکاری لە دەستکەوتەکان زیاترن. کەلێنی بەرفراوانی نێوان ئەم هاوسەنگییە لە قازانج و زیانەکان بۆ فاکتەرە مەزەندەکراوەکان و هاوسەنگییە ناوچەییەکان دەگەڕێتەوە. بەڵام لەوەش گرنگتر، دەرفەتی ڕێگایەکی نوێ بۆ ڕۆژئاڤا کە دوای بەهاری عەرەبی سەریهەڵدابوو، لەلایەن ئۆجەلان و پەکەکەوە قۆرخ کرا.
پەکەکە و ئۆجەلان هەبوونی ڕۆژئاڤایان وەک قەوارەیەکی خۆسەر کە بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی بجووڵیتەوە، قبووڵ نەکرد.
کاتێک پرۆسەکە لە ڕۆژئاڤا دەستی پێکرد، هەموو ئاماژەکان ئەوە بوون کە پەکەکە ناتوانێت لە شاخ شەڕی گەریلا بەڕێوەببات. لەگەڵ پەرەسەندنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و لەیزەری پێشکەوتوو، پەکەکە لە باکووری کوردستان دەستی بە شکستهێنان کرد. پرۆسەی سیاسی خۆی دووبارە دەکردەوە. بە واتایەکی تر پەکەکە لە بنەڕەتدا لە ڕەوشێکی دژواردا بوو و بۆ درێژەدان بە مانەوەی خۆی بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕا. لەو ژینگە چەقبەستووەدا، بەهاری عەرەبی و ڕۆژئاڤا بۆ پەکەکە بوونە دەرگا و هەناسەی ژیان.
پەکەکە هەموو سەرچاوەکانی کۆکردەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ڕۆژئاڤاوە پێشکەوتن بەدەست بهێنێت. لە ڕۆژئاڤادا بە هەموو هێز و توانایەوە و بە بێ دوودڵی سەرجەم ئەو هێز و تاکانەی لە مەیدان وەدەرنا کە پێیوابوو ڕێگری لە بەدەسەڵاتگەیشتنی پەکەکە دەکەن. هەموو پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی لە ڕۆژئاڤا لەناوبرد و کەسانی خاوەن بۆچوونی جیاواز کوژران.
پەکەکە سیستەمێکی ڕێکخستنی زۆر گرنگی لە ڕۆژئاڤا دامەزراند. کادیرە باکورەکانی خۆی وەک قەییۆم دانا. پێشتر گرژی لە نێوان کادرەکان و خەڵکی ڕۆژئاڤادا هەبوو. خەڵک شکستیان هێنا و حوکمڕانی کادیرانی پەکەیان قبووڵ کرد. بەڵام ململانێی نێوان کادرە ڕۆژئاڤاییەکانی پەکەکە و کادیرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان کۆتایی نەهات و ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەر بەردەوامە. بەڵام بۆ ئەوەی کادیرانی ڕۆژئاڤا لە پەکەکە دوور نەکەونەوە، پەکەکە پۆستە گینگ و سەرەکییەکانی بە کادیرانی باکووری دا. بۆ نموونە سەرجەم دانوستان و مامەڵە داراییەکان لەلایەن کادیرە باکوورییەکانی پەکەکەوە بەڕێوەدەچوون.
وابەستەیی بەهێزی پەکەکە بە سیستەمی ڕۆژئاڤاوە دەگەڕێتەوە بۆ پێویستی بەستنەوەی چارەنووسی خۆی بە ڕۆژئاڤاوە.
پەکەکە بۆ ئەوەی کە لە ڕۆژئاڤادا ڕەوایەتی بەخۆی بدات و سوودمەند ببێت، ڕۆژئاڤای بۆخۆی بەکارهێنا. لە ڕێگەی ڕۆژئاڤاوە چەندین دەرفەتی دیپلۆماسی و دارایی لە ئەوروپادا بەدەست هێنا. قەندیل دەمێک بوو کە لەگەڵ ئێران و لە ڕۆژئاڤاش زۆرێک چەکی سەردەمیانەی لە هێزەکانی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان بەدەستهێنابوو. هەروەها ئەو دەرفەتەی قۆستەوە تا ڕۆژئاڤا لەگەڵ ئێران ڕێکبکەوێت و ڕێگا لە دژبەرانی ئەسەد بگیردرێت. بەمشێوەیە جێگای خۆی لە ئەجێندای ئیقلیمیی ئێراندا مسۆگەر کرد.
هەرچەند ئەم دۆخە ڕەنگە لە دوورەوە وا دەرکەوێت کە پەکەکە هەموو کەسێکی بەکارهێناوە و دەرفەتی بۆخۆی خوڵقاندووە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە وا نییە. بە هۆی هەڵوێستی سیستماتیک و ئایدۆلۆژیکی پەکەکەوە، ئەم دەستکەوتانەی ڕۆژئاڤا وەک چاوەڕوان دەکرا، خزمەتی نەتەوەی کوردستانیان نەکرد، بەڵکوو بەپێچەوانەشەوە، پەکەکە بە عەقڵییەتی “با بچووک بێت، بەڵام تەنها هی خۆم بێت”، ڕۆژئاڤای بچووک کردەوە و ناسنامەی سیاسی و ئیداریی ڕۆژئاڤای لاواز کرد. ئەگەر ئەمڕۆ لە ڕۆژئاڤادا پەیڕەوانی کوردایەتی و کوردستانیبوون هەبن، ئەوە بەر لە پەکەکە و لە دەرەوەی پەکەکە دروست بوون. پەکەکە ڕۆژئاڤای بە پێی خەتەکانی “ئیکۆلۆژی – ئازادیی جنسییەتی” ئۆجەلان بنیاتنا، کە کوردایەتیی لاواز کرد.
جێبەجێکردنی سیستماتیکی هەموو ئەو سیاسەتانە وایکردووە ڕۆژئاڤا توانای سیاسەتکردنی بۆخۆی نەمێنێت و لەبری ئەوە بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی پەکەکە کار بکات.
زیندووکردنەوەی ئیمرالی لەلایەن باخچەلی و دەستپێکردنی “پرۆسە” کە چەند مانگێک پێش ڕووخاندنی ڕژێمی ئەسەد دەستیپێکرد، بێگومان پەیوەندییان بە سیاسەتی سەرەوە هەیە. بەکورتی دەوڵەتی تورک کارتی ئۆجەلانی بەکارهێنا بۆ ئەوەی ڕۆژئاڤا کە لەلایەن پەکەکەوە دەستەمۆ ببوو و ناسنامەی کوردایەتییەکەی لاواز کرابوو، بەتەواوەتی لەناو ببات.
ئێستاش، زانیاریی جددی و پێشبینینەکراو لە پشت پەردەوە هەیە کە دەریدەخات ئۆجەلان لەگەڵ بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤا کۆبووەتەوە و نامە ئاڵوگۆڕی کردووە و تەنانەت تەلەکۆنفڕانسی لەگەڵ بەرپرسانی “بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا”دا ئەنجامداوە.
لە بەرنامەی پەرڤین بوڵدان لە کەناڵی “ژن تیڤی” پەکەکەدا، باسی لێدوانەکەی ئۆجەلان نەکرا کە “ڕۆژئاڤا هێڵی سووری منە”. ئەم لێدوانە لەلایەن پێشکەشکارەوە هاتەبەرباس نەک لەلایەن پەرڤین بوڵدانەوە. بە پێچەوانەوە ئێمە بەڵگەنامەمان هەیە کە دەریدەخات ئۆجەلان ڕۆژئاڤا بە “حەشدی شەعبی ئیسرائیل” ناودەبات.
ئۆجەلان بە ئیلهام ئەحمەد دەڵێت “من لە کوردی تێناگەم، وەرگێڕانم بۆ بکە!”
لە ڕێکەوتی 2ی ئایاردا، ئۆجالان تێلێکۆنفرانسێکی لەگەڵ گروپێک ئەنجامدا کە لە سەبری ئۆک، ئیلهام ئەحمەد، ڕەزمی قارتال، و دلار سیواس، پێکهاتبوون. (ڕاستییەکی سەرنجڕاکێشتان پێ دەدەم، لەکاتی کۆبوونەوەکەدا ئۆجەلان بە ئیلهام ئەحمەد دەڵێت کە لە کوردی تێناگەم و دەبێ وەرگێڕانم بۆ بکەن.) ئیلهام ئەحمەد پێی گوت کە نامەکەی ئەویان پێگەیشتووە.
ئۆجەلان، لە قسەکانیدا لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد دەڵێت، “لە سەردەمی نوێدا دەوڵەتسازی بوونی نییە، ئێمە یەکێتی دیموکراتیکی سووریا دەپارێزین… سنوورەکانی دەرەوە و گومرک دەبێت لەلایەن دەوڵەت (سووریا)ـەوە کۆنترۆڵ بکرێن”. جگە لەوەش لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دژایەتی داخوازییەکانی ڕۆژئاڤا دەکات بۆ بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا و دەڵێت: “ئێمە نابێ بەرامبەر بە دەوڵەت، دەوڵەتپەرستیی بکەین، ئەوەی کە ئێوە کردوتانە ڕێککەوتنێکە لەگەڵ ئەحمەد شەرع بۆ ئەوەی کە پێکەوە دەوڵەت بەڕێوەببەن، ئەمە ئەو سیستەمە نییە کە من باسی دەکەم”.
هەروەها بەشێکی سەرنجڕاکێش لە قسەکانیدا لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد هەیە. ئۆجەلان دەپرسێت، “ئایا کەسێک هەیە دژی ئۆجەلان بێت؟” ئیلهام ئەحمەد دەڵێ: “نەخێر کەس دژی ئێوە نییە، بەڵام لە سەر نزیکایەتی ئەحمەد شەرع و تورکیا گومان هەیە”. ئۆجەلان بە ئەساسی وەڵامی دەداتەوە، “ئێمە پشتگیری لە یەکپارچەیی سووریا دەکەین، ئێمە فیدرالیزممان ناوێت و ئەحمەد شەرع لە من تێدەگات”. قسەکانی ئۆجەلان لە بنەڕەتدا وا لێکدەدرێتەوە کە دەڵێت “من و دەوڵەتی تورکیا هەم تۆ و هەمیش ئەحمەد شەرع کۆنتڕۆڵ دەکەین”. (لە داهاتوودا ئەم بەڵگەنامانە بڵاو دەکەینەوە).
ئیلهام ئەحمەد لە قسەکانیدا لەو تەلەکۆنفڕانسەکە، بە شێوەیەکی شەرمێونانە، بۆچوونەکانی ئۆجەلانی سەبارەت بە ڕۆژئاڤا ڕەتکردۆتەوە. هەنووکە ڕۆژئاڤا لە قۆناغێکی مەترسیداردایە و بە پرۆسەیەکی چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت. ڕوونە کە ئۆجەلان دەیهەوێت ڕۆژئاڤا لە چوارچێوەیەکی “ستاتۆی هەیی”دا جێبخات و بەبێ ئەوەی ناسنامەی کورد بەرجەستە بکرێت و سنوورەکان بگۆڕدرێن، تێکەڵ بە دەوڵەتی سووریای بکات. لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا کادیرە ڕۆژئاڤاییەکانی پەکەکە دەتوانن خۆیان لە گەمارۆی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕزگار بکەن یان نا؟