پەکەکە ئەو لاوانەی کوردی لە 2018ـەوە فیدا کردووە و تازە هەواڵەکەیان بڵاو دەکاتەوە

هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تا ئێستا ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.
پەکەکە ناسنامەی 9 گەریلای دیکەی خۆی ئاشکرا کرد کە لە ساڵی 2018دا لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ئاڤاشین، زاپ و خواکورک لە باشووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە هەتا چەند ڕۆژ پێش هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیانی لە بنەمالەکانیان و ڕای گشتی شاردبۆوە.
هەپەگە، باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ڕۆژی شەممە 25/10/2025، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی 9 گەریلای دیکەی حیزبەکەی کە 4 کەسیان ژن بوون، ئاشکرا کرد کە زیاتر لە 7 ساڵ لەوەپێش بەکوشتنی داون و هەتا ئێستا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیانی شاردۆتەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگە، ئەو 9 لاوە کوردە لە مانگەکانی گوڵان و حوزەیرانی ساڵی 2018دا، لە دەڤەرەکانی ئاڤاشین، زاپ و خواکورکی باشووری کوردستان، لەلایەن دەوڵەتی تورکەو کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.
هەپەگە ناسنامەی ئەو 9 گەریلایەی بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە:
1ـ محەممەد قادر، خەڵکی ئامەد لە باکووری کوردستان.
2ـ یەتەر سەلاحەددین، خەڵکی مووش لە باکووری کوردستان.
3ـ ئیبراهیم رەحمی، خەڵکی جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان.
4ـ ڕەوشەن متحەت، خەڵکی وان لە باکووری کوردستان.
5ـ حەیدەر مەحموود، خەڵکی ماردین لە باکووری کوردستان.
6ـ کەوسەر ئەحمەد، خەڵکی رووها لە باکووری کوردستان.
7ـ زۆزان دوندار، خەڵکی وان لە باکووری کوردستان.
8ـ مەحسوون ڕەمزی، خەڵکی ماردین لە باکووری کوردستان.
9ـ فەرهاد ڕەمەزان، خەڵکی جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان.
پەکەکە وەک زۆرێک لە هەڤاڵەکانی دیکەیان، هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەم 9 گەریلایەشی بۆ ماوەی 7 ساڵ لە ڕای گشتی و بنەماڵەکانیان شاردبۆوە و ئێستاش دەڵێت ئەوان میلیتانی ئاپۆ بوون و خۆیان فیدای ئاپۆ کرد!.
لەکتێکدا کە پاش دەسپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە، خەڵک چاوەڕێی گەڕانەوەی ڕۆڵەکانیان دەکەن، بەڵام حزبەکەی ئۆجەلان ڕۆژانە وێنە و ناسنامەی پۆلێک لاوی کورد بڵاو دەکاتەوە کە لە ساڵان و مانگەکانی ڕابردوودا بە کوشتنی داون و بە بنەمالەکانیان دەڵێت ئەوان چەندین ساڵە کە لە ژیاندا نەماون.
بەپێی زانیارییەکان پێگەی “دارکا مازی” هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تا ئێستا ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.