پەکەکە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەبێ لە ڕۆژئاڤا دوور بکەونەوە
ڕژێمی ئەسەد لە 8ی کانوونی 2024دا ڕووخا، لەو کاتەوە بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا کە خاوەنی گەورەترین و بەهێزترین سوپایە لە سووریادا و هاوکات ڕێکخراوترین هێزیشە، لە باتی ئەوەی کە پێگەی خۆی لەسەر مێزی دانوستانەکان بەهێز بکات، کەچی بەپێچەوانەوە پێگەیان لاواز بووە.
لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلولی 2025دا، ئەحمەد شەرع وەک سەرۆکی شەرعی پێشوازیی لێکرا، ئەمەش بۆ کورد ئاماژەیەکی باش نەبوو.
هۆکاری نەرێنی زۆر هەن بۆ ئەوەی کە کورد بارتەقای ئەو قوربانیانەی داویەتی، دەسکەوتی نەبووە. بێگومان هاوسەنگی هێزە ناوچەییەکان زۆر گرنگن، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، پەکەکە و شەخسی ئۆجەلان هۆکارێکی گەورەی ئەم دۆخەن.
پەکەکە لە سێ ڕووەوە زیانی گەورەی بە ڕۆژئاڤا گەیاندووە:
1- پەکەکە ڕێگری لە یەکڕیزی کورد لە ڕۆژئاڤا دەکات و ڕۆژئاڤای بۆ هێرشکردنە سەر پێکهاتەکانی دیکەی کورد بەکاردەهێنێت.
2- پەکەکە لە ڕۆژئاڤا سیاسەتی نەک لەسەر بنەمای کورد و کوردستان، بەڵکوو لەسەر بنەمای ئیکۆلۆژی و دیموکراسی کە شتێکی گشتیین، دامەزراندووە.
3- پەکەکە فشاری خستە سەر ڕۆژئاڤا بۆ ئەوەی بە پێی بەرژەوەندییە تەسکە حیزبییەکانی ئەو مامەڵە بکات نەک بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاڤا. دەسەڵاتی کاریگەری بە کادیر و خەڵکی ڕۆژئاڤا نەدا و سیستەمێکی مەرکەزیی دامەزراند.
دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، دەوڵەتی تورک ئەمجارەیان بۆ گەمارۆدانی ڕۆژئاڤا، ئۆجەلانی ئەرکدار کرد. دەوڵەتی تورک ئۆجەلانی بۆ “لەناوبردنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاڤا” ئەرکدار کرد.
هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئۆجەلان وتوویەتی: “ڕۆژئاڤا هێڵی سووری منە”. لەسەر قسەکانی پەروین بوڵدان ئەم ئیدیعایە دەکەن. بەڵام ئەگەر سەیری بەرنامەکە بکەن، پەروین بوڵدان هەرگیز شتێکی وەهای نەوتووە. بەڵکوو پێشکەشکارەکە بۆخۆی وەهای شرۆڤە دەکات.
لە لایەکی ترەوە، لە دوای هەڵوەشانەوەی پەکەکە، ئۆجەلان لێدوانی زۆری داوە، نامەکانیشی لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە. لە هیچ کامیاندا باسیوشەیەکی لەسەر بەرخۆدانی ڕۆژئاڤا و مافی نەتەوەی کوردی لە ڕۆژئاڤا باس نەکردووە.
بەڵام بەپێی ئەو بەڵگەنامە فەرمیانەی کە لەبەردەستماندایە، ئۆجەلان لە دیدارەکانیدا لەسەر ڕۆژئاڤا دەڵێت:
یەپەگە بووەتە بە حەشدی شەعبی ئیسرائیل.
ئێمە فیدرالیزممان بۆ ڕۆژئاڤا ناوێت.
دەبێ دەروازە سنوورییەکان و گومرگەکان ڕادەستی حکومەتی ناوەندی [سووریا] بکەنەوە.
نابێ هەوڵ بدەن کە خۆتان بکەنە شەریکی دەوڵەت.
دەبێ خۆتان بۆ خەباتی ئیکۆلۆژی و ژنان ئامادە بکەن.
سەیر بکەن، لەوەتەی ئۆجەلان گەڕاوەتەوە سەر شانۆی سیاسەت، هەتا ئەمڕۆ ڕۆژئاڤا هێزی خۆی لەدەستدەدات.
لە ڕۆژئاڤادا پەکەکە و ئۆجالان گەورەترین بەربەستن لە بەردەم گەیشتن بە ناسنامەی کوردی و کوردستانی.
دورووزییەکان ژمارەیان 700 هەزار کەسە و لەسەدا 3ی دانیشتوانی سووریا پێکدەهێنن و لە یەک شاردا دەژین. ئەوان دەوروبەری یەک لەسەر پێنجی حەشیمەت و جوگرافیای کورد پێکدەهێنن، بەڵام ناسنامەی خۆیان دەپارێزن و سەربەخۆیییان دەوێت. بۆ کورد ئەمە ناکات؟ چونکە پارادایمی ئۆجەلان لەسەر تواندنەوە و لەناوبردنی شوناسی کورد بنیات نراوە.
بەگوێرەی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، ئۆجەلان لەڕێی نامە و تەلەکۆنفڕانسەوە، لەگەڵ بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا لەپەیوەندیدایە و فشاریان دەخاتە سەر بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع ڕێکبکەون. بە واتایەکی تر ئۆجەلان دەڵێ نابێ ڕۆژئاڤا بە دوای ڕێگای دیپلۆماتیکی دیکەدا بگەڕێت. ئەو بەسەر ڕۆژئاڤادا دەیسەپێنێت کە “دژایەتی هێڵی تورکیا نەکەن” و هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە ناسنامەی کورد گرینگ نییە.
پێویستە بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا بە ڕوونی ئەمە ببینێت. پێویستە بڕێک مەودا لە نێوان خۆی لەگەڵ “پەکەکە-ئۆجەلان” دابنێت. چونکە ئۆجەلان و پەکەکە ڕۆژئاڤا تەنها وەکو ئامرازێکی دانوستان لەپێناو بەرژەوەندی و ئەجێندای خۆیان بەکاردەهێنن. بە ڕێکەوت نییە کە دەوڵەتی تورکیا ماوەیەکی کەم بەر لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ئۆجەلانی هێنایەوە نێو مەیدانی سیاسەت. ئەمە بۆ ئەوە بوو کە ڕێگری لە ڕۆژئاڤا بکات.
دەبێ ئیدارەی ڕۆژئاڤا و خەڵکەکەی، بۆخۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن. نابێ چارەنووسی ڕۆژئاڤا بە پێی بەرژەوەندیی پەکەکە و هاوکاری ئۆجەلان لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا دیاری بکرێ.
هەرچەندە زۆرجاران داوا لە ئۆجەلان و پەکەکە کراوە کە “لە ڕۆژئاڤا دوور بکەونەوە”، بەڵام هیچ سوودی نەبووە. باشترین شت ئەوەیە کە گەلی کورد وێکڕا داوا لە بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا بکات تا لە ئۆجالان دوور بکەوێتەوە و بۆخۆی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات.