خەباتی مەهمەت شەنەر لە 34 ساڵوەگەڕی تیرۆرکردنەکەیدا و تەسلیمبوونی ئۆجەلان

خەباتی مەهمەت شەنەر لە 34 ساڵوەگەڕی تیرۆرکردنەکەیدا و تەسلیمبوونی ئۆجەلان

سەرۆکایەتی ئێستای ئۆجەلان بە ڕشتنی خوێنی ڕۆڵە نیشتمانپەروەرەکانی کوردی وەک شەنەر بەدەستهاتووە و هەر بۆیەشە کە ئاپۆ بەوپەڕی بێشەرمییەوە تەسلیمبوونی خۆی ڕادەگەیەنێت.

مەهمەت شەنەر لە 1ی مژداری ساڵی 1991دا لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاڤا لە لایەن تیمێکی سەر بە پەکەکە و موخابەراتی سووریاوە تیرۆر کرا. لێکەوتە سیاسی و سەربازییەکانی تیرۆرکردنی شەنەر و کاریگەرییەکانی ئەو تاوانە لەسەر مێژووی ئەم دواییەی کوردستان، تەنانەت دوای 34 ساڵ هێشتا بە باشی درکی پێنەکراوە.

لە ساڵانی نەوەدەکاندا، بەتایبەتی لە باکووری کوردستان، نێچیرکردنی شەنەرچییەکان دەستیپێکرد

تیرۆرکردنی شەنەر لەلایەن پەکەکەوە وەک “نەهێشتنی خیانەتکارێک و ڕزگارکردنی شۆڕش” پیشاندرا. لە ساڵانی نەوەدەکاندا بە تایبەت لە باکووری کوردستان ڕاوکردنی شەنەرچییەکان دەستی پێکرد. ناوی شەنەر بوو بە هاوواتای تەسفیەکاری و سیخوڕی.

بازنەکانی دەرەوەی پەکەکە زیاتر تیرۆرکردنی شەنەریان وەک “کوشتنی بێبەزەییانە ڕکابەرەکانی” لێکداوەتەوە و لەسەر ئەم ئارگیومێنتە ڕەخنەیان لە پەکەکە گرتووە. بەڵام تیرۆرکردنی مەهمەت شەنەر ڕووداوێک بوو کە ڕێڕەوی ئەم 35 ساڵەی دوایی مێژووی باکووری کوردستانی گۆڕیوە و ڕۆڵی بەرچاوی لە دیارکردنی چارەنووسی ئەو بەشەی نیشتمان هەبووە. ئەگەر مەهمەت شەنەر توانیبایە لە کۆنگرەی چوارەمی پەکەکەدا ڕێگری لە عەبدوڵڵا ئۆجالان بکات و عەقڵیەتی ناو پەکەکە بگۆڕێت، چارەنووسی باکووری کوردستان زۆر جیاواز دەبوو.

ڕەخنەکانی مەهمەت شەنەر لە ئۆجەلان تەنیا ڕکابەرییەک بۆ سەرۆکایەتی لەگەڵ ئۆجەلان نەبوو. شەنەر ڕەخنەی لە تەواویەتی سیستەمی سیاسی، سەربازی، دیپلۆماسی و کادیری پەکەکە دەگرت و گۆڕانکاریی ڕیشەیی و ڕادیکاڵی دیموکراتیکی پێشبینی دەکرد.

ئەگەر هەڵمەتی شەنەر بۆ کوردستان لە دژی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرکەوتوو بوایە، ئەمڕۆکە ئۆجەلان دوای 41 ساڵ شەڕ و 50 هەزار قوربانی و وێرانکردنی کوردستان، ئەوەندە بێشەرمانە نەدەهات بڵێت “کاریگەری هێڵی نژادپەرستی-نەتەوە-دەوڵەتی سەربەخۆ، فیدراڵیزم، ئۆتۆنۆمی ئیداری و چارەسەرە کولتوورییەکان دەرئەنجامی ناچاری بوون بۆ کۆمەڵناسی کۆمەڵگەی مێژوویی”.

مەهمەت شەنەر لە ساڵانی 1970دا وەک گەنجێکی هەرە ناوداری کوردستان دەرکەوت. ئەو هاندرێکی لێهاتوو، ڕێکخەر و مرۆڤێکی کاریزماتیک بوو. لە ساڵانی 1980دا یەکێک لە خەباتکارە قارەمانە خۆڕاگرەکانی زیندانی دیاربەکر بوو، ئەمەش وایکرد کە ناوبانگەکەی زیاتر گەشە بکات. لە ساڵی 1989دا لە زیندان ئازاد کرا و ڕۆیشتە ئەکادیمیای مەعسوم کۆرکماز. کاتێک شەنەر ئازاد کرا، پەکەکە لە هەموو شوێنێک ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە هاتبوو. لە زۆر شوێن بە تایبەت لە بۆتان، پێکهەڵپرژان لەنێوان خەڵک و گەریلا ڕوویدا و خەڵکی سڤیل لەلایەن پەکەکەوە دەکوژران. خەڵکی ناوچە جەنگییەکان بەهۆی پەکەکەوە دەبوونی جاش. شەڕی گەریلا ئاڵۆز ببوو. ڕژێمی سەددام بە گۆڕانکارییەکی گەورەدا تێدەپەڕی و دەنگی شەڕی کەنداو دەبیسترا. بارودۆخێکی گرنگ بۆ کورد دەهاتەئاراوە. بە واتایەکی تر، شەنەر نەک تەنها لە پەکەکە، بەڵکوو لە خاڵێکی گرنگی مێژوویی کورد و کوردستاندا پێی نایە ناو گۆڕەپانی سیاسییەوە. ڕوانگە و تێبینییەکانی ئەوکاتی شەنەر و ڕەخنەکانی لە پەکەکە و بەرنامە سیاسیەکەی دەکرا دەستکەوتێکی گەورەی بۆ کورد لێبکەوێتەوە.

مەهمەت شەنەر بە باشی لە بارودۆخی سیاسی تێگەیشتبوو و خوێندەوەی دروستی بۆ دۆخەکە هەبوو. شەنەر باسی لەوە کرد کە “لە ئێستادا سۆسیالیزمی ڕاستەقینە هەڵوەشاوەتەوە و کورد دەبێ خەباتێکی جیاواز ئەنجام بدات”. شەنەر بە ڕوونی ڕایگەیاند کە هێڵی گەریلا و شەڕ و ململانێی کلاسیکی پەکەکە مەحکومە بە شکست. بە بڕوای شەنەر ئەو شێوە شەڕە نەک هیچ دەستکەوتێکی لێناکەوێتەوە؛ بەڵکوو بە پێچەوانەوە بەهۆیەوە کورد تووشی خەسارێکی گەورە دەبێت. هەربۆیە شەنەر خەباتی سیاسیی بە زەرووری دەزانی، خەباتێک کە چالاکیی سەربازی لەناو حیزبەکەدا و هەروەها ڕێکخستنێکی فرەلایەنی جەماوەرییش لەخۆ بگرێت. عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕایگەیاند کە شەنەر “دژی خەباتی گەریلا یە لە کوردستان” و هەر بۆیە پێویستە لەناوببرێت.

ئەوەی جێگای سەرنجە، دوای 34 ساڵ لە کوشتنی شەنەر، ئۆجەلان ئەو شتانە دووبارە دەکاتەوە کە شەنەر سەبارەت بە خەباتی گەریلا گوتبوونی. واتە ئاپۆ تازە دەڵێ “شەڕی گەریلا سەرکەوتوو نەبووە؛ خەباتێکی سیاسی پێویستە”. واتە ئەگەر هێڵی شەنەر سەرکەوتوو بووایە، 50 هەزار مرۆڤ نەدەمردن.

دوای ئەو کاولکارییە گەورەیەی کە بەهۆی شەڕی باکووری کوردستانەوە هاتە ئاراوە، کە چوار جیل، واتە 50 هەزار مرۆڤ گیانیان لەدەستدا (ئێمە باسی ئەو ژمارەیە دەکەین کە خودی موراد قەرەیڵان باسی کردووە، دەنا لە ڕاستیدا ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە)، ئۆجەلان ئێستاکە هاتووە و ڕایدەگەیەنێت و دەڵێت کە “هێڵەکەمان هەڵە بووە”. ئێمە کاتێک دەڵێین مەهمەت شەنەر دەیتوانی مێژوو بگۆڕێت، مەبەستمان ئەمەیە.

بەڕاستی، لە 34 ساڵەی شەهیدبوونیدا، دروستیی خەتی مەهمەت شەنەر زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت.

خاڵێکی دیکە کە پێویستە ئاماژەی پێبکرێت: شەنەر دەیگوت، ئۆجەلان پرسی کورد دەکاتە قوربانی کۆلۆنیالیستەکان و دەزگا ئیستیخباراتییەکانیان. بۆ نموونە لە ساڵی 1991دا کە خەڵکی باشووری کوردستان لە کۆڕەوە مێژوویەکەدا، لە ڕژێمی سەددام هەڵدەهاتن، شەنەر بە جوانی هەڵوێستی پەکەکەی ڕوون کردەوە و وتی:

“کاتێک جەماوەری باشووری کوردستان ڕاپەڕین و یەک بە یەک شارەکانیان گرتە دەست و ڕژێمی سەدامیان ڕووخاند، بە ئاشکرا بەرگریی لە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق بە بیانووی ‘ئێمە پەیوەندی تاکتیکی لەگەڵ سەددام دەپارێزین” دەکرد. لەو کاتەی ڕاپەڕینەکان دەستیان پێکرد، نزیکەی دوو هەزار گەریلای چەکدار لە باشووری کوردستان هەبوون، جگە لە ئێمە هیچ هێزێکی چەکداری دیکە لە ناوچەکەدا نەبوو، سەرەڕای ئەمەش، بەو ڕێنماییانەی کە ‘ئەم ڕاپەڕینە سەرکوت دەکرێت، با زیان بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ڕژێمی سەددام نەگەیەنین، ئێمە دەستوەردان لە دۆخەکەدا ناکەین،’ جەماوەری باشووری کوردستان بێ ڕێبەر و بێ بەرگری بەجێهێڵران”.

دواتر شنەر سەبارەت بەو هەڵوێستەی ئۆجەلان وتی: “ئاپۆ چۆن لە سەرەتای ساڵی 1991 دەرفەتی ڕزگاریخوازانەی باشووری کوردستانی لەناوبرد و چۆناوچۆنی فرۆشتن، ئەوە بابەتێکە کەوا هەموو گەلەکەمان مەراقیەتی کە بیزانێ و هەروەها شۆڕشگێڕان و نیشتمانپەروەران و هەموو کادیرانی حیزبەکان و شەڕڤانەکان هێشتا لێی تێنەگەیشتوون و هەر بۆیەشە کە ئەم بابەتە بووەتە مایەی ناڕەزایەتی.

شەنەر لە پیلانێکی هاوبەشی پەکەکە و دەزگای هەواڵگریی سووریا (موخابەرات)دا کوژرا

سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە شەنەر و بزوتنەوەکەی پێشتر ئاگاداری چاوپێکەوتنەکانی ئۆجەلان بوون لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا و بە چاوی خۆیان دیانبینی کە ئۆجەلان لە چاوپێکەوتنەکانیدا هەموو ئەندامانی پەکەکە پەراوێز دەخات و دەڵێت “مەهمەت عەلی بیراند لە جانتاکەیدا چی بۆ ئۆجەلان هێناوە و چی لە ئۆجەلان وەرگرتووە؟” بە واتایەکی تر، لە پەیوەندییە ناڕوونەکانی ئۆجەلان لەگەڵ دەوڵەتی تورک و دەوڵەتی سووریادا زۆر قەڵس بوو. شەنەر دەیهەویست ئۆجەلان لە بەرەی “دژە شۆڕش” دوور بخاتەوە.

بەڵام ئەوە ڕووینەدا. چونکە ئەو لایەنەی کە نەیدەویست هیچکەسێکی تر جێگەی ئۆجەلان بگرێتەوە، واتە دەوڵەتی تورکیا ئەمەی نەدەویست. هەر بۆیە، ئەوان ئۆجەلانیان ئەرکدار کرد و لە ئەنجامدا  شەنەر لە پیلانێکی هاوبەشی نێوان پەکەکە و دەزگای هەواڵگری سووریا (موخابەرات)دا تیرۆر کرا. بە واتایەکی تر ئۆجەلان بە هەوڵ و توانای تاقی تەنیا خۆی نەبوو بە سەرۆک، بەڵکوو کۆلۆنیالیست-داگیرکەران دەیانهەویست کە ئۆجەلان تاکە ڕێبەر و سەرۆکی پەکەکە بێت.

لە کۆنگرەی 4ی پەکەکەدا، مەهمەت شەنەر داوای لێپرسینەوە لە ئۆجەلانی کردبوو

لە کۆنگرەی چوارەمی پەکەکەدا، مەهمەت شەنەر داوای لێکۆڵینەوەیەکی لە سەر ئاستی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردبوو. لە ڕاستیدا هەموو ئەوانەی کە لە کۆنگرەکەدا بەشداربوون بە جەمیل بایکیشەوە (تەنیا کەسێک کە بەشداریی نەکردبوو، عوسمان ئۆجەلانی برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوو)، لەگەڵ ئەم پێشنیازەدا بوون. ئەمەش بەو مانایە بوو کە ئۆجەلان لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

بەڵام بەداخەوە ئیرادەی شەنەر و هاوڕێکانی نەیانتوانی دەسەڵاتی هاوبەشی ئۆجەلان و کۆلۆنیالیستەکان تێکبشکێنن. ئەو دوژمنەی کە ئەوان ڕووبەڕووی ببوونەوە، زۆر گەورە بوو، ئەوان هیچ دۆستێکیان نەبوو. شەنەر لە پیلانێکی هاوبەشی نێوان ئۆجەلان و کۆلۆنیالیستەکاندا کوژرا و ئەگەر مێژوو بەم شێوەیە نەگۆڕابا و کۆنگرەی 4ی پەکەکە بیتوانیبا کە لێپرسینەوە لە ئۆجەلان بکات، ئەوا گەلی کورد لە کوردستان، لە بواری یەکێتی نەتەوەیی و سیاسەتی دیموکراتیک و هتد…ـەوە لە دۆخێکی زۆر باشتردا دەبوو.

ئۆجەلان: من شەنەرم کوشت

سەرۆکایەتی ئێستای ئۆجەلان بە ڕشتنی خوێنی ڕۆڵە بەناوبانگەکانی کوردی وەک شەنەر بەدەستهاتووە. لە ڕاستیدا ئۆجەلان بۆخۆی لە ئیمرالی بە “حەسەن ئاتیلا ئۆگور”ی وت: “من بە هەواڵگری سووریام وت، ئەوان دەیانهەوێت بمگرن، ئێوە ناتوانن کۆنتڕۆڵم بکەن، من شەنەرم کوشتووە”. جگە لەوەش ئەگەر ئێستا ئۆجەلان بتوانێت ئەوەندە بێ شەرمانە تەسلیمبوونی خۆی ڕابگەیەنێت، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەرە ڕاستەقینەکانی ئەم میللەتەی هاوشێوەی شەنەر لەناوبردووە.

شەنەر شاعیر و نووسەر و سیاسەتمەدار و مرۆڤێکی خەباتگێڕ بوو. شەنەر ڕێبەرێکی کاریزماتیک و کاریگەر بوو. زۆر شتی دیکە هەیە کە پێویستە بنووسرێت و بگێڕدرێتەوە. بەداخەوە ئێش و ئازاری نەناسرانی مەهمەت شەنەر هێشتا هەر بەردەوام دەبێت.

لە 34ـەمین ساڵوەگەڕی شەهیدبوونیدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ یاد و خەبات و تێکۆشانەکەی دادەنوێنین.

Share

پوستێن ھەمان بەش