بافڵ تاڵەبانی بە دەعبای مایکرۆفۆن ناسراوە… ناوبراو ساڵی ڕابردوو لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا مایکی دەشکاند و بۆیە ئەو سیفەتەی وەرگرت. ئەمساڵیش لە بابەتێکی تردا سیفەتی پسپۆڕیی وەرگرت. ئەویش پسپۆڕی لە خیانەت و درۆ و چەواشەکارییە…
بافڵ تاڵەبانی درەنگ هاتە ناو سیاسەتەوە، بەڵام کاتێک کە هات وەک نەدی و بدی و چاو برسی، خۆی تێهەڵقورتاند. نە پێوەر و پێوانە، نە وەفا و نە ڕوحم و بەزەیی، هیچی پێ نەبوو.
بیری لێبکەنەوە، بیرتانە کەنگێ ڕوخسار و ناوی بافڵ تاڵەبانیتان پەیتا پەیتا لەسەر شاشە دەببینی؟ هەڵبەت لە 22ی ئۆکتۆبەر… دوای ئەوەی کە کەرکووک ڕادەستی حەشدی شەعبی کرد. زۆر بێشەرمانە چووە سەر شاشە و نامەیەکی بەدەستەوە بوو کە دەیگوت من کەرکووکم بە واژۆی 38 ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ڕادەستی عێراق کردووە. بافڵ ئەمەی بەجۆرێک باس دەکرد وەک ئەوەی کە خیانەتێکی نەتەوەیی نەبێت و کەرکووک شارێکی کوردستانی نەبێت و ڕادەستی خاوەنە ڕەسەنەکەی کرابێتەوە.
وەک گوتراوە، هاتنی پێنج شەممە هەر لە چوارشەممەوە دیارە
ئەم ناوبانگ دەرکردنەی بە خیانەتەکەی کەرکووک زۆر شتی ئاشکرا کرد. بافڵ تاڵەبانی نە خۆی و نە ڕێڕەوی خۆی هیچی نەگۆڕی. لە سەر هەمان نەرێنی (سلبییات) هەتا ڕۆژی ئەمڕۆش بەردەوامە…
دوای ئەوەی کە کەرکووکی تەسلیم کرد، چ ڕوویدا؟ وەرن با ئاوڕێکی لێبدەینەوە…
لە ناو یەنەکەدا چیرۆکی ژەهراویکردنی یەکتر سەریهەڵدا. هاوڕێ و برا، دۆست و بەڕێوەبەر هەمووان دەیانگوت ژەهراوی کراوین. یەکتریان تۆمەتبار دەکرد، لەناو خۆیاندا مەسەلەکەیان هێنا و بردیان و دواتریش شمشێریان بەڕووی یەکتردا ڕاکێشا.
ئەو کەسانەی کە لە ناو یەنەکەدا زەحمەتیان کێشابوو، وەک مەلا بەختیار و دەیان کەسی تر، لە شەوێکدا لە یەنەکە دەرکران و دەست بەسەر موڵک و ماڵەکانیشیاندا گیرا.
ناڕازیانی ناو یەنەکە وەک موراد کانی کوردەیی و هاوکار جاف و دەیان کەسی دیکە کوژران.
بافڵ تاڵەبانی کۆنگرەیەکی سەیری لەناو یەنەکە بەست، دەستی میحوەری شیعە و کەسانی وەک قەیس خەزعەلی و کەسایەتیەکانی حەشدی شەعبی گرت و کۆنگرەکەی لەگەڵ ئەوان بەست. ئەو وێنەیە، ڕاستییەکە بوو. دوای ئەو کۆنگرەیە، هەرگیز لە خەتی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لاینەدا…
ئەگەر تۆ بە بافڵ تاڵەبانی بڵێی هەڤاڵ کوژی، ڕاستە…
تۆ بە بافڵ تاڵەبانی بڵێی خاکفرۆشی، ڕاستە…
ئەگەر تۆ بە بافڵ تاڵەبانی بڵێی گەندەڵی و پارەی گومرکەکان دەدزیت، ئەوەش ڕاستە…
ئەگەر تۆ بە بافڵ تاڵەبانی بڵێی، تۆ شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێژیمی ئێران دەفرۆشیت، ئەوەش ڕاستە…
هەموو خراپەیەک دەکات، بەڵام پێستی دەموچاوی زۆر قایمە. لە مەیداندا باسی دیموکراسی دەکات… دەڵێ من کەرکوکم ڕزگار کرد.
چووە هەولێر و گوتی، خزمەتگوزاری گرنگ نییە، بەڵکو ئازادی گرینگە… باشە تەواوە، بەڵام تۆ باس لە کامە ئازادی دەکەیت… ئایا ئازادی ئەوەیە کە تۆ بە دەبابە پەلاماری هۆتێل لالەزار بدەیت؟
تۆ دەڵێی گەندەڵی هەیە، مەبەستت کامە گەندەڵێیە؟ گەندەڵییەکەی دەروازەی سنووریی باشماخ…
دەڵێت سیاسەتمەداران پارە بۆ خۆیان کۆدەکەنەوە. کوا موڵکەکانت لە لەندەن و کوا قاسە شاراوەکانی دەباشان…
بافڵ تاڵەبانی ماوەی 8 ساڵە هاتۆتە مەیدانی سیاسەت، بەڵام بە ئەندازەی 30 ساڵ کردەوەی قێزەون و بۆگەنیوی لە خۆی کۆکردۆتەوە.
شەرمەزارییە لە کوردستاندا کەسێکی لەم شێوەیە سەرۆکی حزبێک بێت.
ئەساسەن دەبێ جەماوەی یەنەکە و خەڵکی سلێمانی بە بافڵ تاڵەبانی بڵێن ئیدی بەسە، ئەم سیاسەتە قێزەون و دواکەوتووانەت کۆتایی پێ بهێنە…