ڕەیان کلدانی فەرمانی بە ڕاگەیاندکارانی مووسڵ کردووە پەلاماری کورد و پەدەکە بدەن

لە هەمبەر ئەم هێرشانەدا، ڕەیان کلدانی بڕی 25 ملیۆن دینار و ئۆتۆمبێلێکی بە زوحا وەلید ئەلزوبەیدی داوە.
ڕەیان کلدانی، سەرۆکی بزووتنەوەی “بابلیۆن” کە بزووتنەوەیەکی سیاسی و چەکدارییە لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا، فەرمانی بە ژمارەیەک میدیای مووسڵ کردووە کە پەلاماری کورد و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بدەن و وتاری ڕق و قین و نەفرەت بڵاو بکەنەوە.
سەرچاوەکانی پێگەی “دارکا مازی” ئاشکرایان کردووە کە لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پارلمانی عێراقدا، بە فەرمان و ڕاسپاردەی ڕەیان کلدانی، لە مووسڵ و نەینەوا هێرش دەکرێتە سەر کورد و پەدەکە و لەم دواییانەدا کلدانی پەنای بۆ میدیاکاران بردووە و لە ڕێگای ئەوانەوە درێژە بە هێرشەکانی دەدات.
سەرچاوکانمان ئاشکرایان کردووە کە یەکێک لەو میدیاکارانەی کە ڕەیان کلدانی بڕی 25 ملیۆن دینار و ئوتۆمبێلێکی پێداوە، کەسێکە بە ناوی “زوحا وەلید ئەلزوبەیدی”، کە ئەو پارەی ئوتۆمبێلەی وەکوو پێشەکیەک بۆ هێرشکردن و بڵاوکردنەوەی نفرەت دژ بە کوردان و بەتایبەتی پەدەکە پێدراوە.
بەپێی زانیارییەکانمان، ئەو میدیاکارە بە ناوی زوحا کە ناوی ڕاستەقینەی “زوحا وەلید عەلی ئەلجحێشی”یە، عەرەبە و دانیشتووی بەشی چەپی مووسڵە کە وەکوو ڕاگەیاندکار لەگەڵ ڕەیان کلدانیدا کاردەکات. زوحا ژمارەیەک پەیجی لە سۆشیال میدیا هەیە و لە ڕێگەی ئەوانەوە هێرش دەکاتە سەر نەتەوەی کورد، ڕێبەرانی کورد و سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان.
سەرچاوەکانمان ئاشکرایان کردووە کە ئەم کەسە بە ناوی زوحا وەلید ئەلزوبەیدی لە هەژماری تایبەتی خۆیدا لەسەر ڕاسپاردەی ڕەیان کلدانی و کەسانێک وەک “مەروان تائی و عومەر ئەل مەولا” ڕەخنەی بێ بنەما لە پەدەکە دەگرێت.
هەروەها ئاسکرا بووە کە پەیجێکی دیکە بە ناوی “مملکە نینوی” کە ەلایەن زوحا وەلید ئەلزوبەیدییەوە بەڕێوەدەچێت، هێرشی زۆر توندی کردۆتە سەر نەتەوەی کورد و پەدەکە و هێزەکانی ئاسایش و پاراستنی کوردستان و داوا لە خەڵکی مووسڵ دەکات کە دەنگ بە کورد و حیزبە کوردستانییەکان نەدەن.
سەرچاوەکانی دارکا مازی ئاشکرایان کرد کە ڕەیان کلدانی لە بری ئەم هێرشانەدا، بڕی 25 ملیۆن دینار و ئۆتۆمبێلێکی بە زوحا وەلید ئەلزوبەیدی داوە.
شایانی باسە برای زوحا وەلید ئەلزوبەیدی، یەکێک لە تیرۆریستانی داعش بوو کە لە زوممار و شنگال، شەڕی پێشمەرگەی کردووە، دواتر لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە دیل گیراوە و بە هاوکاری ڕەیان کلدانی ئازاد کراوە کە ئێستا کار بۆ ڕەیان کلدانی دەکات.
وەلید ئەلزوبەیدی باوکی زوحاش کە بە یەکێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی نەقشبەندی دادەنرێت، لە ئێستادا وەک سیخوڕ و سەرچاوەی کۆکردنەوەی زانیاری کار بۆ “ئیستیخباراتی حەشدی شەعبی” دەکات، لە هەمان کاتدا تێکەڵاوی و نزیکایەتیی لەگەڵ “حارس ئەل بەیاتی”، بەرپرسی نووسینگەی بزووتنەوەی نوجەبا لە مووسڵ هەیە.