باخچەلی: پرۆسەکە بەرەو کۆتایی دەڕوات

باخچەلی: “ئەوانەی دژایەتی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر دەکەن پێویستە دان بەخۆیاندا بگرن، ئایا ئێوە دەتانهەوێ تیرۆر کۆتایی پێبێت یان نا؟”
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە ڕایگەیاند، پێڤاژۆ بەرەو کۆتایی دەڕوات.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی مەهەپە لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی حیزبەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا قسەی کرد و ڕایگەیاند، هیچ کێشەیەک لە هاوپەیمانی جمهووریدا نییە.
دەوڵەت باخچەلی سەرنجی خستە سەر ئەو پرۆسەیەی کە دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتدا دەستی پێکردووە و وتی:
“دوای ئەم پرۆسەیە تورکیا لەو بارگرانییە ئازاد دەبێت، هەرچییەک دەڵێن با بیڵێن، ئاسۆی تورکیایەکی بێ تیرۆر دەردەکەوێت.
دەبێ بە ئەزموونەکانمان نەخشەی داهاتوو بکێشرێت و هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە”.
باخچەلی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “ئەوانەی دژایەتی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر دەکەن پێویستە دان بەخۆیاندا بگرن، ئایا ئێوە دەتانهەوێ تیرۆر کۆتایی پێبێت یان نا؟
لەکاتێکدا کە کارتەکان سەرلەنوێ لەسەر مێزی سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی دابەش دەکرێنەوە، ئایا ئێمە ئەوانە بین کە دەخورێن یان نا؟
ئەم وڵاتە هی هەموومانە. بەکارهێنانی زمانێکی باش و هاوسۆزی، بەرپرسیارەتی هەموو لایەنە سیاسییەکان و تاکەکانە.
سنووردارکردنی دوژمنایەتی بەرامبەر یەکتر بەرپرسیارێتی هەمووانە.
پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر خەریکە کۆتایی پێدێت. ئامانجمان ئەوەیە تورکیا بگاتە لوتکە”.