کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان: ئەمڕۆ ئەنجامە سەرەتاییەکان ڕادەگەیەنرێت

سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکان، چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی فەرمی ئەنجامەکانن لە لایەن کۆمسیۆنەوە.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا دەکات.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی کە ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجامی بەرایی دەنگدانی گشتی و تایبەتی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، ڕابگەیەنێت.
جومانا غەلای وتەبێژی کۆمسیۆن ڕایگەیاند، کاتژمێر 18:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 12/11/2025، ڕێژەی بەشداریکردن و ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە ڕادەگەیەنن.
غەلای هەروەها ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە لە کاتی ڕاگەیاندنەکەدا هەندێک گۆڕانکاری ڕووبدات، چونکە کۆمسیۆنەکە هێشتا سەرقاڵی پشتڕاستکردنەوەی داتاکانە.
ڕێژەی بەشداریکردن و دەرئەنجامی لایەنەکان لە کوردستان
پرۆسەی دەنگدانی گشتی دوێنێ سێشەممە 11/11/2025 ئەنجامدرا و دەنگدانی تایبەتیش لە ڕێکەوتی 9/11/2025دا، لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا. بەپێی ئاماری کۆمسیۆن، ڕێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت گەیشتووەتە 82.42%، لەکاتێکدا لە دەنگە گشتییەکاندا نزیکەی 54.5% بووە.
لەسەر ئاستی پارێزگاکانی باشووری کوردستان، بەپێی ئەنجامە بەراییە نافەرمییەکان:
ـ پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار دەنگ لە پلەی یەکەمدایە.
ـ یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە) بە نزیکەی 535 هەزار دەنگ لە پلەی دووەمدایە.
ـ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە نزیکەی 165 هەزار دەنگ لە پلەی سێهەمدایە.
شایانی باسە کە سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکان، چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی فەرمی ئەنجامەکانن لە لایەن کۆمسیۆنەوە.