باخچەلی وەڵامی بەسێ هۆزاتی دایەوە: سنووری خۆتان بزانن و دەممان مەکەنەوە

باخچەلی وەڵامی بەسێ هۆزاتی دایەوە: سنووری خۆتان بزانن و دەممان مەکەنەوە

باخچەلی ئیدیعا دەکات کە لێدوانەکانی بەسێ هۆزات بە تەواوی دژی بانگەوازی 27ی شوباتی ئیمراڵییە.

دەوڵەت باخچەلی، سکرتێری گشتیی مەهەپە، وەڵامی قسەکانی بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کەجەکەی دایەوە و وتی، دەبێت دڵسۆزی بۆ ئیمرالی ئەساسی و بنەڕەتی بێت. هەروەها پێی گوتووە: “با هەموو کەس حەد و سنووری خۆی بزانێت و ئێوە دەممان مەکەنەوە”!.

دەوڵەت باخچەلی لێدوانی سەرنجڕاکێشی بۆ ڕۆژنامەی تورکگون سەبارەت بە ڕۆژەڤی سیاسی تورکیا دا و گوتی: “پڕۆسەی نوێ گرنگترین هەنگاوی کۆماری تورکیایە” و وەڵامی لێدوانەکانی بسێ هۆزاتی هاوسەرۆکی کەجەکەی دایەوە.

باخچەلی ڕایگەیاند کە مەحاڵە کە ئەم پرۆسەیە بگەڕێتەوە بۆ دواوە و وتی: تیرەکە لە کەوان دەرچووە، کەشتیەکان سووتاون. ئیرادەی ئێمە لە ئاستێکدایە کە ناتوانرێت باسی لێوە بکرێت.

بەسێ هۆزات لە رێکەوتی 29/11/2025دا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندبوو: “ئێمە لێبوردنمان ناوێت، سیاسەتی دیموکراتیک و یاسای ئازادیمان دەوێت”.

هۆزات هەروەها گوتبووی: “مەترسییەکی زۆر جددی لەسەر تورکیا هەیە، ئەگەر دەوڵەتی تورک هەنگاو نەنێت، پرسی کورد لەسەر بنەمای دیموکراتیک چارەسەر نەکات و دان بە هەبوون و ناسنامەی کورددا نەنێت، ئایندەی تورکیا زۆر تاریکە”.

باخچەلی وەڵامی ئەم لێدوانانەی بەسێ هۆزاتی دایەوە و قسەکانی بە “ئوسلووبێکی وێرانکەر و دەمارگیر” وەسف کرد.

باخچەلی لە وەڵامی ئەو قسەیەی بەسێ هۆزاتدا کە دەڵی کادیرانی پەکەکە لێبوردنیان ناوێت، گوتی: ئێمە هیچ تاوانێکمان ئەنجام نەداوە، ڕوون و شەفاف و بەڵگەدارە لەبەردەم مێژوو و ویژدانی کۆمەڵگادا چ تاوانێک ئەنجامدراوە، با دەممان نەکەنەوە و با هەمووکەس سنووری خۆی بزانێت. دەبێ دڵسۆزی بۆ ئیمرالی بنچینەیی بێت”.

باخچەلی ئیدیعای کرد کە لێدوانەکانی بەسێ هۆزات بە تەواوی دژی بانگەوازی 27ی شوباتی ئیمراڵییە و وتی کە ئەم دەنگە دژبەرانەی ناو پەکەکە “خزمەت بە هەڵوێستە زایۆنیستی-ئیمپریالیستەکان” دەکەن.

Share

پوستێن ھەمان بەش