باخچەلی: ئیمرالی یەکێک لە گرینگترین لایەنەکانی، ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆرە

باخچەلی: ” تورکیای بێ تیرۆر، بڕیارێکی بێ سازشی میللەت و دەوڵەتی تورکە، تەنیا با تیرۆر لە ژیانماندا نەمێنێت، با کۆتایی ئێمەش سێدارە بێت”.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی حیزبەکەیدا لە پارلمانی تورکیا سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە، قسەی کرد.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە سەردانی شاندی پەرلەمان بۆ ئیمراڵی بە “پێشهاتێکی مێژوویی” ناودەبات و وەڵامی رەخنەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش دەداتەوە. دەوڵەت باخچەلی دەڵێت: “با تیرۆر بۆ هەمیشە لە ژیانماندا ریشەکێش بکرێت، ئەوکات با کۆتایی ئێمەش سێدارە بێت.”
دوای سەردانەکەی دوێنێی شاندی کۆمیسیۆنی پەرلەمان بۆ ئیمراڵی، ئەمڕۆ سێشەممە 25-11-2025، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رایگەیاند: “گرنگترین لایەنی گفتوگۆ لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆردا، ئیمراڵییە.”
“پێشهاتێکی مێژووییە”
سەرۆکی مەهەپە ستاییشی سەردانی شاندەکەی پەرلەمانی کرد بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و گوتی: “رۆژی هەینی رابردوو، بەپێی ئەو بڕیارەی بە زۆرینەی دەنگ درا، چوونى پەرلەمانتارێک لە مەهەپە، ئاکپارتی و دەم پارتی بۆ دوورگەکە پێشهاتێکی مێژووییە. بەم بۆنەیەوە، لە دڵەوە سوپاسی فەتحی یڵدز و پەرلەمانتارانی دیکە دەکەم.”
باخچەلی رەخنەی تووندی لە جەهەپە و پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن گرت، کە بەشدارییان لە شاندەکەدا نەکردووە و گوتی: “پارتی گەلی کۆماری و پارتەکانی دیکەی نێو لیژنەکە خۆیان لە چوون بۆ ئیمراڵی بەدوورگرتووە، با بەدوور بگرن. ئەگەر چاوەڕێی مۆڵەت و رەزامەندیی ئەوانمان بکردایە، نەماندەتوانی لە شوێنی خۆشمان بجووڵێین. ترسنۆکەکان تەنیا تەماشای ژیان دەکەن، ئێمە تەماشاکەر نین، ئێمە مەهەپەین.”
“با کۆتاییمان سێدارە بێت”
دەوڵەت باخچەلی لە وەڵامی رەخنەکاندا بە دەنگێکی بەرز گوتی: “بانگەوازەکەی ئێمە، بانگەوازی رزگاریی تورکیایە. پێیانوایە ئێمە بەپێی یاسا و دەستوور تاوان دەکەین. ئەگەر ئێوە دادگایی بکەن، ئەوا دادگایی نزمی و پارەپەرستیی خۆتان دەکەن. تەنیا با تیرۆر بۆ هەمیشە لە ژیانماندا ریشەکێش بکرێت، با کۆتایی ئێمەش سێدارە بێت.” سەرۆکی مەهەپە گوتیشی: “تورکیای بێ تیرۆر، بڕیارێکی بێ سازشی میللەت و دەوڵەتی تورکە”.
هێرش بۆ سەر ئۆپۆزیسیۆن
باخچەلی ئۆپۆزیسیۆنی بەوە تۆمەتبار کرد کە “هۆشیاریی مێژووییان” نییە و گوتی: “ئەو عەقڵییەتەی ئۆپۆزیسیۆن کەوتووەتە غەفڵەتەوە و وا دەزانێت بە رەشکردنی هەموو پێشهاتێکی ئەرێنی دیموکراتتر دەبێت. تورکیا لە قۆناخێکی مێژووییدایە، ئەوانەی دژی ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر دەوەستنەوە، هیچ بەهایەکیان نییە.”