هاوسەرۆکی دەم پارتی: چارەسەرکردنی پرسی کورد ئەرکێکی مێژوویی هەموو لایەنەکانە

هاتیمۆغلاری: “ئەو پارتانەی دژایەتی ئاشتی دەکەن ناتوانن تورکیایەکی دیموکراتیک بنیات بنێن”.
تولای هاتیمۆغلاری هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند، بڕیاری کۆمیسیۆنی پڕۆسەی ئاشتی بۆ سەردانی ئیمرالی بڕیارێکی مێژووییە و هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی.
هاتیمۆغلاری ڕەخنەی لە جەهەپە گرت کە بەشداری نەکردووە لەو بڕیارە و ڕایگەیاند کە ئەوان نایانهەوێت پرۆسەی ئاشتی بۆ بەرژەوەندی تەسکی هەندێک لایەنی سیاسی بەکاربهێندرێت و داوای کۆتایی هێنان بە سیاسەتی سەد ساڵەی نکۆڵیکردن و لەناوبردن دەکات.
هاوسەرۆکی پارتی دەم هەروەها وتی: “ئەم بڕیارە مێژووییە، ئەو شاندەی کە دەستنیشان کراوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی ئیمرالی دەکەن و لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆدەبنەوە و بۆچوونەکانی لەسەر ئەو پرسە سەد ساڵە وەردەگرن”.
هاتیمۆغلاری ئاماژەی بەوەشکرد: “بەڵام بڕیاری نەچوونی جەهەپە جێگەی نیگەرانییە، بەداخەوە جارێکی دیکە ئینکارکردن و لەناوبردنی سەد ساڵە زیندوو دەکرێتەوە، چارەسەرکردنی پرسی کورد ئەرکێکی مێژوویی هەموو لایەنەکانە.”
هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختی لەوەش کردەوە: “ئاشتی لە بەرژەوەندی تەسکی هەموو لایەنەکان بەرزترە، ئەو پارتانەی دژایەتی ئاشتی دەکەن ناتوانن تورکیایەکی دیموکراتیک بنیات بنێن”.