کۆمیسیۆنی پێڤاژۆ سبەی دەنگ لەسەر سەردانیکردنی ئیمرالی دەدات

“ئەگەر زۆرینەی ئەندامانی ئامادەبووی کۆبوونەوەکە دەنگ بە “بەڵێ” بدەن، بڕیاری سەردانی ئیمرالی پەسەند دەکرێت”.
کۆمیسیۆنی ئاشتی پەرلەمانی تورکیا سبەی 21/11/2025، لە 18یەمین کۆبوونەوەی خۆیدا دەنگ لەسەر بابەتی سەردانیکردنی ئیمرالی دەدات. ئەم هەنگاوە وەک قۆناغێکی گرنگ لە پرۆسەی ئاشتیدا سەیر دەکرێت.
کۆبوونەوەکە بڕیارە کاتژمێر 14:00ی سبەینێ بە سەرپەرشتی نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت. لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو کارانە دەکرێت کە تا ئێستا کۆمسیۆن ئەنجامی داوە و تاوتوێی هەنگاوەکانی داهاتوو بەتایبەت سەردان لە ئیمراڵی دەکرێت.
گولستان کلیچ کۆچیگیت جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پارلمانی تورکیا، دوای کۆبوونەوەی 18ی مژدار، بۆ ڕۆژنامەنووسانی پشتڕاستکردبۆوە کە “لە کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینیدا دەنگدان لەسەر سەردانەکەی ئیمرالی دەکرێت”.
ئەم کۆبوونەوەیە دوای 17ەمین کۆبوونەوەی کۆمسیۆن دێت کە لە 18ی ئەم مانگە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بەڕێوەچوو، لەو کۆبوونەوەکەدا عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆ و یاشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا و ئیبراهیم کالین سەرۆکی میت ئامادەبوون و پوختەیەکی زانیارییەکانیان سەبارەت بە پرۆسەکە پێشکەش بە پەرلەمانتاران کردبوو.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی کۆمسیۆنەکە، بۆ زۆربەی بڕیارەکان دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئامادەبوو بەسە. ئەمەش بەو مانایە دێت کە ئەگەر زۆرینەی ئەندامانی ئامادەبووی کۆبوونەوەکە دەنگ بە “بەڵێ” بدەن، بڕیاری سەردانی ئیمرالی پەسەند دەکرێت.