شاندی پەرلەمانی تورکیا سەردانی ئیمرالی دەکات

شاندی پەرلەمانی تورکیا سەردانی ئیمرالی دەکات

ئۆجەلان بۆچوونی خۆی لەبارەی هۆکارەکانی دروستبوونی پەکەکە و چەکدادان، دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی باس دەکات.

بڕیارە ئەمڕۆ شاندی کۆمیسیۆنی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا لە ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بکات.

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2025، شاندی کۆمیسۆنی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی پەرلەمانی تورکیا بە هێلیکۆپتەرێکی تایبەت بۆ دیداری ئۆجەلان بەرەو ئیمراڵی بەڕێ دەکەون، کە پێکهاتووە لە گولستان کلیچ کۆچیگیت، جێگری سەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان ( دەم پارتی) و فەتی یڵدز، جێگری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە) و حوسێن یایمان لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە).

بڕیارە لەو دیدارەدا، شاندەکە گفتوگۆ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن، کۆنووسی کۆبوونەوەکەیان تاوەکوو 10 ساڵی دیکە بە نهێنی دەهێڵرێتەوە و ئاشکرا ناکرێت.

پێشبینی دەکرێت، لە دیدارەکەی ئەمڕۆدا، ئۆجەلان بۆچوونی خۆی لەبارەی هۆکارەکانی دروستبوونی پەکەکە و چەکدادان، دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی و چارەسەرە پێشنیازکراوەکان و پرۆسەی یاسادانان لەگەڵ شاندی پەرلەمانی تورکیا، کە بە کۆمیسۆنی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی پەرلەمانی تورکیا ناو دەبرێت، باس بکات.

کۆمیسیۆنەکە هەینی ڕابردوو 21ی ئەم مانگە، لە هەژدەهەمین کۆبوونەوەی خۆیدا کۆتایی بە مشتومڕی درێژخایەنی سەردانی ئیمراڵی هێنا و بە زۆرینەی دەنگ کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان پەسەند کرد.

دەنگدانەکە بەم شێوەیە بوو:

32  پەرلەمانتار بە بەڵی دەنگیان دا.

دوو پەرلەمانتاریش بە نەخێر دەنگیان دا.

سێ پەرلەمانتاریش بێلایەنیان هەڵبژارد.

Share

پوستێن ھەمان بەش