پەیامی ئۆجەلان بۆ کۆنفرانسی ئاشتی: کات کاتی سۆسیالیزمی دیموکراتیک و ئاشتییە

پەیامی ئۆجەلان بۆ کۆنفرانسی ئاشتی: کات کاتی سۆسیالیزمی دیموکراتیک و ئاشتییە

ئۆجەلان: ئێمە تێکۆشانی 52 ساڵەی پەکەکەمان تەواو کردووە و ئێستا کۆماری دیموکراسی و کۆمەڵگەی دیموکراسی سەرلەنوێ تێیدا بنیات دەنرێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 06ـی کانوونی یەکەمی 2025، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە شاری ئەستەنبوڵ کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی” دەست پێکرد. کۆنفرانسەکە دوو ڕۆژ دەخایەنێت و چەندان سیاسەتمەدار، یاساناس و چالاکوانی نێودەوڵەتی تێیدا بەشدارن.

لە کۆنفرانسەکەدا، وەیسی ئاکتاش، یەکێک لە ئازادکراوانی زیندانی ئیمراڵی، پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی خوێندەوە.

ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا لە دوورگەی ئیمراڵییەوە ئاماژەی بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا کردووە و ئەو دۆخەی ئێستا بە قۆناغێکی “نوێ” ناوبرد و ڕایگەیاند، “خەباتی 52 ساڵەی پەکەکە بۆ هەبوون و کەرامەت کۆتایی پێهاتووە و ئێستا کاتی بنیاتنانەوەیە”.

ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە ستراتیژی نوێی خۆی بە “یەکگرتنی دیموکراتییانە” پێناسە کرد و سێ بنەمای یاسایی بۆ دیاری کرد:

1ـ یاسای هاووڵاتیی ئازاد

2ـ یاسای ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک

3ـ یاساکانی ئازادی

دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە:

 رۆشنبیرانی بەڕێز، هەڤاڵانی هێژا، نوێنەرانی بەڕێز و هەموو ئەو کەسانەی هێشتا بڕوایان بە سۆسیالیزم هەیە؛

 من لە کاتێکدا لەگەڵتان دەدوێم کە لە دوورگەی ئیمراڵی و لە هەلومەرجی گۆشەگیریی 26 ساڵەدا، بۆ پرسی کورد لە تورکیا بە گەڕان بەدوای ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیدا دانوستاندنەکان لەگەڵ دەوڵەت دەستیان پێ کردووەتەوە. بۆ من زۆر بەنرخ و واتادارە کە ئەمڕۆ لێرە لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیدا لەسەر بنیاتنانەوەی سۆسیالیزم قسەتان بۆ دەکەم.

 وەک کورد، ئێمە تێکۆشانی 52 ساڵەی پەکەکەمان بۆ بوون و شکۆ تەواو کردووە و ئێستا پرسەکە پێی ناوەتە قۆناخێکەوە کە کۆماری دیموکراسی و کۆمەڵگەی دیموکراسی سەرلەنوێ تێیدا بنیات دەنرێتەوە.

 پەکەکە بە مسۆگەرکردنی بوونی نەتەوەیی گەلی کورد ئەرکە مێژووییەکەی خۆی جێبەجێ کرد، لە هەمان کاتدا بنبەستبوونی سۆسیالیزمی دەوڵەت-نەتەوەی دەرخست. سۆسیالیزمی سەدەی 20 وەک هەنگاوێکی شۆڕشگێڕیی نەرێنی دەرکەوت، بەڵام نەیتوانی شوێنی خۆی پڕ بکاتەوە. لە ساڵانی 1990ەکاندا کە زۆربەی مرۆڤەکان لە سۆسیالیزم هەڵدەهاتن، من گوتم “پێداگری لەسەر سۆسیالیزم پێداگرییە لەسەر مرۆڤبوون’ و تەواوی ژیانی خۆم بۆ بنیاتنانەوەی ئەم هیوایە تەرخان کرد. ئەم تێکۆشانە کە بە باجێکی قورس بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ بووەتە میراتێک کە بە رەخنەی تیۆری و پراکتیکی دروست بووە. بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی راست خاوەندارێتی لەم میراتە بکەین، دەبێت سۆسیالیزم لە یادەوەرییەکەوە بگۆڕین بۆ هێزێکی کۆمەڵایەتیی زیندوو کە لەگەڵ گەل دەنگ بداتەوە.

 پێویستە نەریتی سۆسیالیستی لە مێژوودا هەم بۆ بنیاتنانی ئاشتی و هەمیش بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراسی وەک میراتێک سەیر بکرێ و رێگەی بەدەستهێنانی ئەمەش بە جێبەجێکردنی ئەرکە نێودەوڵەتییەکان (ئەنتەرناسیۆنال) لە تیۆر و پراکتیکدا مومکینە.

 هەرچەندە سۆسیالیستە یۆتۆپی و مارکسیستەکان لە سەدەی 19 بەدواوە بە فراوانی رەخنەیان لە سیستمی هەژموونی سەرمایەداری گرتووە، بەڵام نەیانتوانی هەڵوێستێکی ئەنجامگیر پێش بخەن. کاپیتاڵیزمی ئەمڕۆ چی دیکە قەیران نییە، بەڵکو گەیشتووەتە ئاستی نەخۆشییەک کە هەڕەشە لە رەگەزی مرۆڤ دەکات. قۆرخکاریی تووندوتیژی لە شێوەی دەوڵەت-نەتەوەدا لەم وێرانکارییەدا یەکلاییکەرەوەیە.

 هەروەک چۆن سەرمایەداری تەنیا بە بنەما ئابوورییەکان شرۆڤە ناکرێ، ئێمەش ناتوانین شکستخواردنی بزووتنەوە سۆسیالیستەکان تەنیا بە زۆردارێتیی سەرمایەداری شرۆڤە بکەین. هەڵە مێژووییەکان و هەڵەکانی ئێستاش لەم پاشەکشەیەدا یەکلاییکەرەوەن.

 دەبێت لە رەخنەکانم لەسەر مارکسیزم بە دروستی تێبگەن. من مارکس تاوانبار ناکەم؛ لە سەردەمی ئەودا، مێژوو وەک ئەمڕۆ روون نەکرابووەوە، قەیرانی ژینگە بوونی نەبوو و سەرمایەداری لە سەردەمی هەڵکشانیدا بوو. سەرباری هەموو ئەمانە، مارکس کەسێکی ئایدیۆلۆجی زۆر بڕوابەخۆ بوو کە هەمیشە رەخنەی لە خۆی دەگرت. ئەو رزگاریی ژنانی دەبینی، بەڵام لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی رووکەش شیکردنەوەی بۆ دەکرد و لە قووڵاییەکەی تێنەدەگەیشت، بڕوای وابوو کە ئەگەر چەوساندنەوەی ئابووری تێپەڕێندرێ، ئەوا ئەویش تێدەپەڕێندرێ. ئەو هەوڵی دەدا مێژووی کۆمەڵایەتی تەنیا لە رێگەی چینەوە شرۆڤە بکات و نەیتوانی شیکارییەکی تێروتەسەل بۆ دەوڵەت و دەوڵەت-نەتەوە بکات. هەر لەبەر ئەمەش ئەنجامی قورس دەرکەوتن. سەرباری هەموو ئەم رەخنانە، دەمەوێ ئەوە زیاد بکەم کە من رێز لە بەرهەمەکانی مارکس دەگرم، گومانم لە نیەتی ئەو نییە و مارکسیزم لە مارکس جیا دەنرخێنم. هەرچەندە لەسەر هەندێک بابەتی بنەڕەتی رەخنە لە مارکسیزم و سۆسیالیزمی واقیعی دەگرین، بەڵام ئەوەی ئێمە وەک سۆسیالیست هەستی پێ دەکەین رەخنە لەخۆگرتنە.

 پێویستە هێزە دژە-سیستمەکان، ماتریاڵیزمی مێژوویی سەرلەنوێ هەڵسەنگێننەوە بە شێوەیەک کە لەگەڵ راستیی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا یەک بگرێتەوە. گرنگە مرۆڤ تێبگات کە سەرمایەداری لە سەدەی 16دا “لە ئاسمانەوە نەهاتووەتە خوارەوە”، رەگەکانی دەگەڕێنەوە بۆ پێشکەوتنی شارستانیەتی 10 بۆ 12 هەزار ساڵە لە خوارووی مێزۆپۆتامیا. ناوەندەکانی وەک گردی میرازان و گردی کەچەڵ ئەم سەرەتایە مێژووییە روون دەکەنەوە. لەبەر ئەمە، من بە راستتری دەبینم کە سیستمی شارستانیەتیی ئێستا وەک “سیستمی بکوژی کۆمەڵایەتیی کاست” ناو بنێم. بەڵگە شوێنەوارناسی و ئەنترۆپۆلۆژییەکان نیشانی دەدەن کە کاستەکانی پیاوانی راوچی، بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی کوشتن کە پێشیان خستبوو، کۆمەڵگە خێڵەکانی ناوەند-ژن یان سەرکوت کرد و ژنیان کردە کۆیلە. ئەمە قووڵترین لێکترازان و شکاندنە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. لە هەمان کاتدا دژەشۆڕشێکی گەورەیە کە هەموو پێشکەوتنەکانی شارستانیەتیی پێش خۆی دیاری کردووە.

 شیکارکردنی سەرمایەداری لە روانگەیەکی مێژووییەوە ئاسۆی ئێمە زۆر فراوان دەکات. ئەم سیستمە تەنیا ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ناو کۆمەڵگە قووڵ ناکاتەوە، بەڵکو لە هەمان کاتدا بە پێشخستنی سیستمی چەکی کیمیایی و ئەتۆمی کە دەتوانن گەڕەستێرەکە وێران بکەن، بە پیسکردنی کەشوهەوا و بە تاڵانکردنی سەرچاوە ژێرزەوی و سەرزەوییەکان سرووشت وێران دەکات و بەم شێوەیە کۆتایی بە مرۆڤایەتی دەهێنێت. لەناو ئەرکە بنەڕەتییە نێودەوڵەتییەکاندایە کە گرێدراو بەم ڕاستییەوە شیکارییەکی سەرمایەداری نوێ پێشکەش بە مرۆڤایەتی بکرێ.

 دەبێت مێژووی ژێردەستەکان بە روانگەی کۆمۆنەکان کە پێکهاتەیەکی خۆپاراستنە و لە چینایەتی لەپێشترە، لێکۆڵینەوەی لێ بکرێ. بۆ ئەمەش پێویستی بە روانگەیەکی مێژوویییە کە هۆزە سەرەتاییەکان وەک سەرەتای کۆمۆنەکان دەبینێت و دەگاتە ئەو چینەی کە ئێمە ئەمڕۆ پێی دەڵێین پرۆلیتاریا یان دەگاتە هەموو گەلانی ژێردەستە.

 لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە دەڵێین کە مێژوو بە تێکۆشانی چینایەتییەوە سنووردار نییە. ئەمەش لەخۆدەگرێ و راستترە مێژوو وەک پڕۆسەی پەیوەندی و پێکدادان لەنێوان پێشکەوتنی کۆمۆنال و پێشکەوتنی دژە-کۆمۆنال بخوێندرێتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 30 هەزار ساڵ لەمەوبەر.

 من بڕوام وایە کە کۆنفرانسەکەتان لەسەر بنەمای شیکارییە تیۆرییانەی کە پێشکێشم کردوون، گفتوگۆی گرنگ پێش دەخات کە بەشداری دەکات لە تێگەیشتنێکی نوێ بۆ بەرنامە و رێکخستنی سیاسی. رێبازی بنەڕەتی لەم پڕۆسەیەدا ماتریالیزمی دیالەکتیکە. بەڵام دەبێت قاڵبەکانی دیالەکتیکی کلاسیک تێپەڕێنرێن. دەبێت ئێمە ناکۆکییەکان نەک وەک بەشگەلێک کە یەکتر لەناو دەبەن، بەڵکو وەک دیاردە کۆمەڵایەتییەکان کە یەکتر بەهێز دەکەن ببینین، چونکە بەبێ کۆمۆن دەوڵەت نییە، بەبێ بۆرژوازی پرۆلیتاریا نییە. لەبەر ئەوە، دەبێت ئێمە ناکۆکییەکان نەک بە عەقڵیەتێکی وێرانکەر، بەڵکو بە روانگەیەکی مێژوویی وەرچەرخێنەر دەستنیشان بکەین.

 پێشکەوتنە زانستییەکانیش نیشانی دەدەن کە رێبازی دیالەکتیک تا ئەو کاتەی بە رەها نەکرێ، لە شیکاریی کۆمەڵایەتیدا ئامرازێکی کاریگەرە. لەم چوارچێوەیەدا، نوێکردنەوەی دیالەکتیکی کۆمۆن-دەوڵەت و چین-دەوڵەت پێویستە. شکستخواردنی سۆسیالیزمی راستەقینەی سەدەی 20 لە شرۆڤەکردنی هەڵەی ئەم دیالەکتیکە مێژووییەوە سەری هەڵدا: هەرچەندە سۆسیالیزمی دەوڵەتگەرا دەوڵەتی بەدەست خست، بەڵام لە کۆتاییدا لە بەرامبەریدا تێکشکا. بە گرێدانی مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان بە دەوڵەتی نەتەوەییەوە، لەناو سنووری سیاسەتەکانی بۆرژوازیدا خنکا. چەمکی “دەوڵەت-نەتەوەی پرۆلیتێر” جگە لە بەرهەمهێنانەوەی زهنیەتی دەوڵەتگەرا ئەنجامێکی تری دروست نەکردووە.

 من ئەم حەقیقەتەم بە شێوەیەکی راست شرۆڤە کرد و گوتم: سۆسیالیزمی دەوڵەت-نەتەوە مرۆڤ بەرەو شکست دەبات، سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراسی، مرۆڤ بەرەو سەرکەوتن دەبات. ئەمڕۆ کاتی رێپێوانە بەرەو رزگاریی دیموکراسی لەسەر بنەمای سۆسیالیزمی دیموکراسی.

 لەژێر رۆشنایی ئەمەدا بڕوام وایە کە ئێمە لە جیاتی دەوڵەت، بە روانگەی کۆماری دیموکراسی، نەتەوەی دیموکراسی و بە پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراسی، ئازادیخوازی ژنان، ژینگەیی و دیموکراسی سەر دەکەوین.

 ئەم تێگەیشتنە بزووتنەوەکەمانی گەیاندووەتە نوێبوونەوەی ئایدۆلۆژی و سیاسی، دینامیزمی رێکخستنی و گەلپارێز و بەرەو بەرنامەیەکی سۆسیالیستی بردووە کە دەتوانێ ببێتە وەڵام بۆ پێداویستییەکانی سەدە.

 پەیوەندیی سۆسیالیزمی دیموکراسی بە دەوڵەتەوە لە پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەریدا سەرلەنوێ شێوە دەگرێ. من پەیوەندیی خۆم لەگەڵ دەوڵەت وەک پەیوەندییەکی بەدیموکراسیبوون پێناسە دەکەم. لە تێگەیشتنی کۆماری دیموکراسیدا پێویست دەکات دەوڵەت لە سەرووی کۆمەڵگەوە نەبێت، بەڵکو لە چوارچێوەی پەیمانێکی دیموکراتیکدا لەگەڵ کۆمەڵگە کار بکات. بە ستراتیژیی سیاسیی دیموکراتیک، مومکینە کە لەناو دەوڵەتدا گۆڕانکاری و وەرچەرخان دروست ببێت و کۆمەڵگە لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیک سەرلەنوێ بنیات بنرێتەوە.

 جێگیرکردنی ئەم ستراتیژە لەسەر یاسا، بنەمایەکی هەمیشەیی بۆ ئاشتی دەخوڵقێنێت. یاسا، وەک میکانیزمی پاراستن و هاوسەنگیی پەیوەندیی دیموکراتیکی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە، ئامرازێکی چارەسەرییە کە رێگری لە تووندوتیژی دەکات. لە هەمان کاتدا رۆڵ دەگێڕێت لە بەدامەزراوەیکردنی بنیاتنان و رەوایەتی کۆماری دیموکراتیک و بنیاتنانەوەی سیستەمی کۆمەڵایەتی.

 یەکێک لەو ئارگۆمێنتانەی کە من وەک ستراتیژێکی بنەڕەتیی تێکۆشان پێشکەشم کرد، تێکەڵبوونی دیموکراتیک و چەمکە یاساییەکەی بوو. یاسای تێكەڵبوونی دیموکراتیک، کە تێیدا یاسا لە رێگەی نۆرمە تاکەکەسی و گەردوونییەکان و مافە بە کۆمەڵ بۆ بەرژەوەندیی کۆمەڵگە سەرلەنوێ بنیات دەنرێتەوە، دەبێت لەسەر سێ پڕەنسیپی بنەڕەتی بنیات بنرێت:

  • یاسای هاوڵاتیبوونی ئازاد،

  • یاسای ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک،

  • یاساکانی ئازادی.

 یاسای تێکەڵبوونی دیموکراتیک هەم دەوڵەت وەردەچەرخێنێت بۆ دەوڵەتی پێوەرەکان و هەمیش بوونی بەدەستهاتووی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی دامەزراوەیی مسۆگەر دەکات و بەم شێوەیەش ئازادیی خۆی بەدەست دەهێنێت. پڕۆسەی “بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” کە من دەستم پێ کرد، پڕۆسەیەکی دیالۆگە. لە هەرێمێکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئەتنیک، ئایین و مەزهەبی تێکەڵاوی لێیە، زۆر شت هەن کە بە دیالۆگ و دانوستانە دیموکراتیکەکان بەدەست دەهێنرێن. بە ڕاستی، من بڕوام وایە کە سۆسیالیزمێکی واتادار جگە لە نزیکبوونەوەیەکی شۆڕشگێڕیی توندوتیژ، گونجاوترە کە خۆی وەک سیستەمێکی ئەرێنیی بنیاتنان و بوون رێک بخات و ئەمەش بە شێوازی دیالۆگی دیموکراتیک ئەنجام بدات. سەختە مرۆڤ بڕوا بەوە بکات کە سۆسیالیزم بەبێ ئەوەی لەسەر دیالۆگێکی دیموکراتیکی بەرفراوان و قووڵ بنیات بنرێت، ئەگەر بنیاتیش بنرێت، هەر بەردەوام (هەمیشەیی) بێت.

 لینینیش وتوویەتی، ‘سۆسیالیزم بەبێ دیموکراسییەکی بەرفراوان و پێشکەوتوو بنیات نانرێت.’

 بەو بیر و بڕوایەوە، هیوادارم کۆبوونەوەکەتان بە سەرکەوتوویی تێپەڕێت و سڵاو و خۆشەویستیی هەڤاڵانەی بێ کۆتاییم پێشکەش بە ئێوە دەکەم.

 عەبدوڵڵا ئۆجەلان

دوورگەی ئیمراڵی”

Share

پوستێن ھەمان بەش