پەکەکە ناسنامەی 3 گەریلای دیکەی ئاشکرا کرد

هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تا ئێستا ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.
پەکەکە ناسنامەی 3 گەریلای دیکەی ئاشکرا کرد کە لە ساڵی 2023دا گیانیان لەدەستداوە و هەتا ئێستا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیانی لە بنەماڵەکانیان و ڕای گشتی شاردۆتەوە.
هەپەگە باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، ڕۆژی دووشەممە 22/12/2025، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی 3 گەریلای دیکەی خۆی ئاشکرا کرد کە لە ساڵی 2023دا، واتە نزیکەی 3 ساڵ لەوەپێش لە ناوچەکانی زاپ و حەفتەنین لە باشووری کوردستان، لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.
هەپەگە ناسنامەی ئەو 3 گەریلایەی بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە:
1ـ ئۆکان گولە بە کۆدناوی ئەشرەف فەرهاد سپکی، خەڵکی پاریزگای ئاگری لە باکووری کوردستان.
2ـ مەهمەت بالی پۆلات بە کۆدناوی ئاگر سەرحەد، خەڵکی ڕووها لە باکووری کوردستان.
3ـ حەسەن ئیبراهیم بە کۆدناوی یەڵماز عەرەب، خەڵکی ڕەققا.
هەپەگە لە وەسفی ئەم 3 گەریلایەدا نووسیویەتی ئەوان میلیتانی ئاپۆ بوون و خۆیان بە فیدای ڕێبەرێتی کردووە!.
لەکاتێکدا کە پاش دەسپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە، خەڵک چاوەڕێی گەڕانەوەی ڕۆڵەکانیان دەکەن، بەڵام حزبەکەی ئۆجەلان ڕۆژانە وێنە و ناسنامەی پۆلێک لاوی کورد بڵاو دەکاتەوە کە لە ساڵان و مانگەکانی ڕابردوودا بە کوشتنی داون و بە بنەمالەکانیان دەڵێت ئەوان چەندین ساڵە کە لە ژیاندا نەماون.
بەپێی زانیارییەکان پێگەی “دارکا مازی” هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تا ئێستا ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.