ئێران دەیهەوێ گەنجێکی خەڵکی ئورمیە لەسێدارە بدات

ئێران دەیهەوێ گەنجێکی خەڵکی ئورمیە لەسێدارە بدات

میحراب عەبدوڵڵا زادە، لە کاتی شۆڕشی ژینادا لە ساڵی 2022، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

دادگای باڵای ڕێژیمی ئێران بڕیاری “دادگای ئینقلابی” ئێرانی لە ئورمیە بۆ لەسێدارەدانی میحراب عەبدوڵڵازادە پشتڕاستکردەوە.

میحراب عەبدوڵڵا زادە، گەنجێکی کوردی خەڵکی ئورمیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، تەمەنی 27 ساڵە و لە کاتی شۆڕشی ژینادا لە ساڵی 2022، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی تارانەوە دەستبەسەر کراوە.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایانگەیاند، حوکمی لەسێدارەدانی میحراب عەبدوڵڵا زادە لەلایەن لقی 9ی دادگای باڵای ڕێژیمی ئێرانەوە پشتڕاستکراوەتەوە.

بە پێی زانیارییەکان، میحراب عەبدوڵڵا زادە کە ئێستا لە زیندانی ناوەندیی ئورمیەیە، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لەو بڕیارە ئاگادار کراوەتەوە.

میحراب عەبدوڵڵا زادە لە پاییزی ساڵی 2022دا لەلایەن ئێرانییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

ناوبراو هاوینی ڕابردوو لە لایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێران لە ئورمیە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو.

میحراب تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە (هەوڵی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران دەدات)، واتە ئەندامبوون لەو گرووپانەی کە چالاکیی چەکداری دژی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران ئەنجام دەدەن.

هەروەها میحراب عەبدوڵڵا زادە بە کوشتنی ئەندامێکی هێزەکانی بەسیج تۆمەتبار کراوە کە هێزێکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە.

Share

پوستێن ھەمان بەش