ناسنامەی 6 گەریلای دیکە ڕاگەیەندرا کە دوانیان خەڵکی باشووری کوردستان بوون

هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تا ئێستا ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.
ناسنامەی 6 لاوی دیکەی کورد ئاشکرا بوو کە پەکەکە لە ساڵی 2019دا بەکوشتنی داون و هەتا ئێستا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیانی لە بنەماڵەکانیان و ڕای گشتی شاردۆتەوە. دوان لەو گەریلایانە خەڵکی باسووری کوردستان بوون.
هەپەگە باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی 6 گەریلای دیکەی خۆی ئاشکرا کرد کە لە ساڵی 2019، واتە نزیکەی 7 ساڵ لەوەپێش لە ناوچەکانی خواکورک، ئاڤاشین، زاپ و گارە لە باشووری کوردستان، لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.
هەپەگە ناسنامەی ئەو 6 گەریلایەی بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە:
1ـ سەرڤەت عەبدولڕەحمان، خەڵکی پاریزگای مووش لە باکووری کوردستان.
2ـ زیلان عەبدولجەبار، خەڵکی کۆنیا لە باکووری کوردستان.
3ـ سەدات شاهین، خەڵکی وان لە باکووری کوردستان.
4ـ ڕادی عەبدوڵڵا، خەڵکی شنگال لە باشووری کوردستان.
5ـ عەبدولعەزیز محەممەد گەردی، خەڵکی باسووری کوردستان.
6ـ ئەسەد بەدری، خەڵکی سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
هەپەگە لە وەسفی ئەم 6 گەریلایەدا نووسیویەتی ئەوان میلیتانی ئاپۆ بوون و خۆیان بە فیدای ڕێبەرێتی کردووە!.
لەکاتێکدا کە پاش دەسپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە، خەڵک چاوەڕێی گەڕانەوەی ڕۆڵەکانیان دەکەن، بەڵام حزبەکەی ئۆجەلان ڕۆژانە وێنە و ناسنامەی پۆلێک لاوی کورد بڵاو دەکاتەوە کە لە ساڵان و مانگەکانی ڕابردوودا بە کوشتنی داون و بە بنەمالەکانیان دەڵێت ئەوان چەندین ساڵە کە لە ژیاندا نەماون.
بەپێی زانیارییەکان پێگەی “دارکا مازی” هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تا ئێستا ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.