دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین هاوکاری دەگەیەنێتە 400 خێزانی گەڕاوە

“هاوکارییەکان بۆ هەر خێزانێک دوو بەش لەخۆ دەگرێت؛ بەشی یەکەم سەبەتەی خۆراکە و بەشی دووەمیش کەلوپەلی پاککردنەوەیە”.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان، لە چالاکییە مرۆییەکانی بەردەوامە و ئەمجارەیان هاوکاریی گەیاندە ئەو خێزانانەی ناحیەی شەهبا کە بەم دواییە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و موڵک و ماڵی خۆیان.
تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی ئەم دواییەیاندا، بە هاوکاری ڕێکخراوی “Khalsa Aid”، هاوکاری مرۆیی بەسەر زیاتر لە 400 خێزاندا دابەشکرد کە بەم دواییە گەڕاونەتەوە ناوەندی قەزاکە و گوندەکانی دەوروبەری.
سیلڤانا عومەر، ئەندامی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە کەناڵی کوردستان 24ی باشووری کوردستانی ڕاگەیاندووە: “هاوکارییەکان بۆ هەر خێزانێک دوو بەش لەخۆ دەگرێت؛ بەشی یەکەم سەبەتەی خۆراکە و بەشی دووەمیش لە کەلوپەلی پاککردنەوە و پێداویستی دیکە پێکهاتووە. تا ئێستا توانیومانە بۆ پاڵپشتی لە سەقامگیربوونیان هاوکاری زیاتر لە 650 خێزان لەم ناوچەیە بکەین”.
ئەم هاوکارییە لە کاتێکدایە کە دانیشتووانی ناوچەکە لە دۆخێکی ئابووری سەختدا دەژین و داهاتیان کەمە. یەکێک لەو هاووڵاتیانەی سوودمەند بوون لەو هاوکارییە سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (BCF)ی کرد و وتی: “ئێمە سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەین کە هیچ درێخییەکیان نەکردووە، پێداویستییەکانمان زۆرن و باری دارایی خەڵکی ئێرە لە ژێرەوەی سفردایە، ڕاستە خێزانەکان دەگەڕێنەوە سەر زەوی و زارەکانیان، بەڵام ڕاستی تاڵ ئەوەیە ئەگەر ئەم هاوکارییە نەکرایە دۆخەکە لەوە خراپتر دەبوو”.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەکەم ڕێکخراوی مرۆیی بوو کە دوای بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتی 2023دا هاتە ناو عەفرین و بە هانای لێقەوماوانەوە هات و لەو کاتەوە تیمەکانی دامەزراوەکە لە ناوچەکەدا ماونەتەوە و لە خزمەتکردنی خەڵکی عەفرین بەردەوامن.