شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا کۆبۆوە

شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا کۆبۆوە

شاندی ئیمرالی: “دەمانەوێت ئاشتی بە یاسا زامن بکرێت و لەسەر بنەمای دادپەروەری، بەهەمیشەیی بکرێت”.

شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا کۆبووەوە و پرسەکانی دادپەروەری و مافناسییان تاوتوێ کرد. ئەندامێکی شاندەکە ڕایدەگەیەنێت: “دەمانهەوێت ئاشتی لە ڕێگەی یاساوە تاوتوێ بکرێت و لەسەر بنەمای دادپەروەری هەمیشەیی بێت”.

ئەمڕۆ سێشەممە 23/12/2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمرالی لەگەڵ یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا کۆبووەوە.

میتحەت سانجار ئەندامی شاندی ئیمراڵی ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکی بەرفراوان بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە وەزارەتی داد هەیە و دەیانهەوێت پڕۆسەی ئاشتی بە یاسا گەرەنتی بکەن و بیکەن بە هەمیشەیی.

میتحەت سانجار هەروەها وتی: “ئێمە پرسی دادپەروەری و مافناسیمان تاوتوێ کرد، هەروەها سەبارەت بە دەرکردنی یاسا بۆ ئەم پرۆسەیە، ئاڵوگۆڕی بیروڕامان کرد”.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند: “ئاشتی بە گەرەنتی یاسایی بەهەمیشەیی دەکرێت، ئێمە دەمانەوێت بەستێنی یاسایی بۆ ئاشتی گونجاو بێت. وەزارەتی داد زانیاری پیداین و ئێمە بینیمان کە ئامادەکارییەکی بەرفراوان هەیە”.

ئەو ئەندامەی شاندی ئیمرالی هەروەها ڕوونی کردەوە: “دەمانەوێت ئاشتی بە یاسا زامن بکرێت و لەسەر بنەمای دادپەروەری، بەهەمیشەیی بکرێت”. هەروەها وتی: “هەوڵدەدەین ئەم پڕۆسەیە بگەیەنینە ئاشتی و دیموکراسی و دادپەروەری، ئەمەش بە هەوڵ و کاری هەموومان دەکرێت”.

شاندی ئیمرالیی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) کە پێکهاتووە لە پەرڤین بوڵدان، میتحەت سانجار و پارێزەر ئۆزگور ئەرۆل، گەڕی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتە سیاسی و حکومییەکان درێژە پێدەدات.

شاندی ناوبراو پێشتر و لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 22/12/2025دا، کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و کاتژمێر 16:00 لەگەڵ سەیید ئەسڵان سەرۆکی پارتی زەحمەتکێشان (ئەمەئەپە) کۆبووەوە.

Share

پوستێن ھەمان بەش