پارلمانتارێکی ئاکەپە ڕەخنە لە لێدوانەکانی فیدان سەبارەت بە سووریا دەگرێت

ئەنسارۆغڵو: “هەندێک لە لێدوانە توندەکانی هاکان فیدان سەبارەت بە سووریا لەگەڵ ڕۆحی سەردەمدا ناگونجێت”.
غالیب ئەنسارۆغڵو پەرلەمانتاری ئاکەپە لە ئامەد، ڕایگەیاند، لێدوانەکانی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە سیاسەتی سووریا توند بوون. ناوبراو ئیدیعای کرد کە لێدوانەکانی فیدان لەگەڵ ویستی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی ئاکەپە و سەرۆک کۆماری تورکیادا ناگونجێت.
غالیب ئەنسارۆغڵو پارلمانتاری شاری ئامەدی ئاکەپە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی ڕووداوی باشووری کوردستان، لێدوانی ڕەخنەگرانەی سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و کاری کۆمسیۆنەکانی پەرلەمان دا. ئەنسارۆغڵو ڕەخنەی لە لێدوانەکانی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورک سەبارەت بە سیاسەتی سووریا گرت و گوتی کە زمانێکی توند لەو لێدوانانەدا هەیە.
سەبارەت بە تۆمەتەکانی ناکۆکی لەناو حکومەتدا سەبارەت بە سیاسەتی سووریا یان پرۆسەی ئاشتی، ئەنسارۆغڵو جەختی لەوە کردەوە کە “لە سیستەمی سەرۆکایەتیدا بڕیاری کۆتایی لەلای سەرۆککۆمار ئەردۆغانە”.
ئەنسارۆغڵو لەکاتی دەربڕینی ڕای شەخسیی خۆیدا ئاماژەی بەوەکرد کە هەندێک لە لێدوانە توندەکانی هاکان فیدان وەزیری دەرەوە سەبارەت بە سووریا بە تەواوی لەگەڵ ڕۆحی سەردەمدا ناگونجێت و جەختی لەوەش کردەوە کە داڕێژەری ڕاستەقینەی سیاسەت سەرۆککۆمار ئەردۆغانە و هیچ ئیرادەیەک لە ئیرادەی ئەو گەورەتر نییە.
ئەنسارۆغڵو وتی: “هیچ ئیرادەیەک لە سەرووی ئیرادەی سەرۆککۆمارەوە نییە، هەرچەندە ڕەنگە هەندێک لێدوان بە تەواوی لەگەڵ ڕۆحی سەردەمدا نەبن، بەڵام قسەی کۆتایی سەرۆککۆمار دەیکات”.
فیدان پێشتر هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخ و پرۆسەی تێکەڵبوون (ئەنتەگراسیۆن) هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) کردبوو و گوتبووی: “بێگومان ئێمە لە خێرایی پرۆسەکە ڕازی نین، ئێمە و سوورییەکان و هەندێک هاوکاری دیکە – نامەوێت ناویان بهێنم – پێمان وایە کە هەسەدە هەوڵی درێژکردنەوەی پرۆسەکە دەدات. پێموایە ئەوان چاوەڕێی دەرفەتی دیکەن بۆ خۆیان کە ڕەنگە لە شێوەی قەیرانێکی دیکەی ناوچەییدا بێت، یان ڕەنگە بەهۆی سیاسەتە فراوانخوازییەکانی ئیسرائیل لەهەمبەر سووریا و ناوچەکانی دیکەوە بێت. بۆیە پێموایە شتە باشەکە ئەوەیە کە هاوبەشە ئەمریکییەکانمان زۆر باش دەزانن کە ئەم پرۆسەیە دەبێت کۆتایی پێبێت، چونکە بۆ یەکێتی وڵاتەکە زۆر گرنگە”.