قەسرەکەی ئۆجەلان لە ئیمرالی نزیکە لە تەواوبوون

زیاتر لە 200 بەرپرس و گەریلا دەیانهەوێت لە جیاتی وڵاتی سێهەم بگەڕێنەوە بۆ تورکیا، ئەمەش دوورگەی ئیمرالیی هێناوەتە ڕۆژەڤەوە.
ماوەیەکە باس لەوە دەکرێت کە لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەریدا، لە دوورگەی ئیمرالی خانوویەکی گەورە بۆ ئۆجەلان دروست دەکرێت. ڕۆژنامەی سۆزجوو لە ڕاپۆرتە هەواڵێکدا ڕووماڵی ئەم بابەتە دەکات و دەڵێت: بەپێی بانگەشەکان، دروستکردنی ئەم خانووە بەرەو تەواوبوون دەچێت. هەروەها گواستنەوەی سەرکردە سەرەکییەکانی پەکەکەش بۆ ئیمرالی لە ڕۆژەڤدایە.
کۆمیسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی کە لە پارلمانی تورکیا دامەزراوە، بۆ پێشکەشکردنی پێشنیارە یاساییەکانی خۆی، گەیشتۆتە قۆناغی نووسینی ڕاپۆرتێک.
هەرچەندە پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەم هەفتەیە لایەنەکان ڕاپۆرتەکانیان تەواو بکەن، بەڵام سەرنجیان بۆ هەنگاوە نوێیەکان ڕاکێشاوە کە لەم پرۆسەیەدا دەگیرێنەبەر. بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی “ئۆدا تیڤی”دا، ئەوە ئاشکرا کراوە کە ئەو شوێنە نوێیەی کە بۆ ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمرالی ئامادەکراوە، خەریکە تەواو دەبێت. یەکێک لە پرسەکانی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە ئەندامانی پەکەکە چۆناوچۆن دادگایی دەکرێن و تێكەڵ دەکرێن؟
ئەوەی کە زیاتر لە 200 بەرپرس و گەریلا دەیانهەوێت لە جیاتی فۆرمولەی وڵاتی سێهەم بگەڕێنەوە بۆ تورکیا، ئەگەری دوورگەی ئیمراڵیی هێناوەتە ڕۆژەڤەوە. دەوترێت لە سەرەتادا پلانی ئەوە دانراوە کە ئەو کەسانە بۆ ماوەی 3 ساڵ لەوێ بمێننەوە، لەوێدا ئەنتەگرەکردنەکەیان مسۆگەر دەبێت. هەروەها باس لەوە دەکرێت کە ئەو ناوانە بە ئۆجەلان دراوە و لێیان پرسیوە کە دەیهەوێت کێ لەگەڵ ئەودا بێت.