ئەردۆغان: پرۆسەی ئاشتی بەخێرایی بەرەوپێش دەچێت

ئەردۆغان: “ساڵانێکە شارەکانی باشووری تورکیا تووشی شەڕ و ئاڵۆزیی بووە و بڕیارماندا کۆتایی پێبهێنین و لەوانەیە ئێستا تەنها چەند ئەشکەوتێک لەم ناوچانەدا مابێتەوە”.
سەرۆک کۆماری تورکیا، ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی ئارامی بۆ سەرتاسەری تورکیا گەڕاوەتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە، 14/12/2025، رەجەب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە دیدارێکیدا لەگەڵ گەنجانی وڵاتەکەی قسەی کردووە و لەبارەی پرۆسەی ئاشتی ڕایگەیاند: ساڵانێکە شارەکانی باشووری تورکیا تووشی شەڕ و ئاڵۆزیی بووە، ئەم ئاڵۆزییانە بەجۆرێک بڵاوبووەوە کە گەنجەکانمان نەیانتوانی لە ژینگەیەکی تەندروستدا لە زانکۆکانماندا بخوێنن.
ئەردۆغان گوتی: لەم ناوچانە خەڵکێکی زۆرمان لەدەستدا بۆیە بڕیارماندا کۆتایی پێبهێنین و بە خێرایی هەنگاو بنێین بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و کێشەکان ، لەوانەیە ئێستا چەند ئەشکەوتێک لەم ناوچانەدا مابێتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، پەرلەمان ئەرکی خۆیان سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی گرتۆتە ئەستۆ و ئێمە هەوڵەکانمان بۆ پرۆسەکە خێراتر کردووەو و چەکەکانیش سوتێنراون و دڵنیایین ئیتر لەم ناوچانە خەڵک بە ئازادی هاتوچۆ دەکات.