مەهەپە سەبارەت بە چارەنووسی گەریلا، 3 ڕێگا دەخاتەڕوو

مەهەپە: پێویستە دەسەڵاتدارانی ئەمنی سەرەتا دڵنیابن لەوەی هەموو چەکەکان ڕادەست کراون یان لەناوبراون و ئەندامانی پەکەکە دەبێ خۆیان تەسلیم بکەن.
پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە)، پلانێکی سێ خاڵیی بۆ پڕۆسەی ئاشتی پێشکەش بە پەرلەمان کردووە کە دیارترینیان چەکدانانای تەواوەتی پەکەکە و ڕادەستکردنی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە و ئۆجەلانیش ڕەزامەندیی لەسەر ئەو پێشنیارە دەربڕیوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی “دەیلی سەباح”ی نزیک لە حکومەتی تورکیا، مەهەپە لەم دواییانەدا لەژێرناوی “بۆ سەرخستنی پرۆسەی تورکیا بێ تیرۆر”دا، پلانێکی سێ خاڵی خستووەتە بەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتە. وردەکاری پلانەکەش لە ڕاپۆرتێکی 120 لاپەڕەییدا ئاماژەی پێکراوە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە مەهەپە ڕایگەیاند کە ڕاپۆرتێک سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی “تورکیا بێ تیرۆر” پێشکەشی پەرلەمان دەکات.
ڕاپۆرتەکە پلانێکی سێ قۆناغی لەخۆگرتووە:
ـ چەکداماڵینی تەواوەتی پەکەکە.
ـ ڕادەستکردنی ئەندامانی پەکەکە.
ـ چاکسازی کردنیان.
ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە سەرجەم ئەندامانی ئەو گرووپە بە ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات و ئەوانەی سەر بە پەکەکەن، بەشداری هەڵمەتی چەکداماڵینەکە بکەن.
بەگوێرەی زانیارییە میدیاییەکان، لە ڕاپۆرتەکەدا پێشنیاری ئەوە کراوە کە ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە هیچ تاوانێکیان نییە، ئازاد بکرێن و ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بکرێنەوە. ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە ڕازی دەبن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیادا هاوکاری بکەن، پێویستە لەژێر تاقیکردنەوە و چاوەدێری یەکساڵیدا بن و بە پێی یاسا دەکرێ ماوەکە بۆ 3 ساڵیش درێژ بکرێتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، پێویستە دەسەڵاتدارانی ئەمنی سەرەتا دڵنیابن لەوەی هەموو چەکەکان ڕادەست کراون یان لەناوبراون و ئەندامانی پەکەکە دەبێ خۆیان تەسلیم بکەن.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەو “مافی هیوا” کراوە کە باخچەلی سەرەتا لە بەرامبەر داماڵینی چەکدا بۆ ئۆجەلان دەریبڕیوە. ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم مافە بە مانای ئازادکردنی زیندانییەکان نییە و تەنیا هەڵسەنگاندنێک بووە بۆ بارودۆخی دەستبەسەرکردنی مەحکوومەکان.
هەروەها دەستنیشانی دەکات کە ئەو کەسانەی لە “تیرۆریزم”دا بەشدارن و سزای زیندانی هەتاهەتایی و توندتریان بۆ بڕاوەتەوە، ناتوانن سوود لە ئازادکردنی مەرجدار وەربگرن.
مەهەپە لەم دواییانەدا پەیوەندی بە شاندێکی کۆمیسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی پارلمانی تورکیا کرد کە لە زیندان سەردانی ئۆجەلانیان کردبوو. لە ڕاپۆرتەکەدا وردەکاری کۆبوونەوەکە دەخاتەڕوو و دەڵێت ئۆجەلان پابەندبوونی خۆی بەو دەستپێشخەرییە دەربڕیوە و دووپاتی کردەوە کە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە مەرجی پێدانی ئۆتۆنۆمی یان پێدانی دۆخی یەکسان بە گرووپی پەکەکە نەبووە.