هاکان فیدان هەڕەشە لە هەسەدە دەکات؛ نامانەوێت ڕێگای سەربازی بەکاربهێنین

وەزیری دەرەوەی تورکیا: “دەبێت هەسەدە لەوە تێبگات کە ئارامیی لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکە نامێنێت.”
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورک سەبارەت بە ڕێککەوتنی 10 ئادار گوتی: “نامانەوێت ڕێگای سەربازی بەکاربهێنین بەڵام ئارامیمان نەماوە”.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18/12/2025، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی TRT World ـی تورکی گوتی: “هیوادارین کێشەکان لە رێگەی دیالۆگ، دانوستاندن و ئاشتییانەوە چارەسەر بکرێن. نامانەوێت ناچاربین جارێکی دیکە پەنا بۆ رێگەی سەربازی ببەینەوە.”
فیدان کە هێزەکانی هەسەدە وەک باڵی یەپەگە ناودەبات، نیگەرانیی ئەنقەرەی لە دواکەوتنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی یەکخستنەوەی هێزەکان دەربڕی و گوتی: “دەبێت هەسەدە لەوە تێبگات کە ئارامیی لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکە نامێنێت.”
وەزیری دەرەوەی تورکیا داوا دەکات هەسەدە بگاتە ئەو خاڵەی پابەندییەکانی لە چوارچێوەی رێککەوتنی 10ـی ئادار جێبەجێ بکات.
هاکان فیدان گوتی: “هەموو کەس چاوەڕێی ئەوە دەکات پابەندی ئەو رێککەوتنە بن بەبێ دواکەوتن و شێواندن، چونکە نامانەوێت هیچ لادانێک لەو رێککەوتنە ببینین.”
لە 10ـی ئاداری ئەمساڵ (2025)، رێککەوتنێک لەنێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا لە دیمەشق واژۆ کرا.
رێککەوتنەکە لە 8 خاڵ پێکهاتووە؛ یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدەیە لەگەڵ سوپای سووریا، کە تورکیا وەک مەرجێک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و دەستنەکردن بە ئۆپەراسیۆنی نوێ چاوی لێدەکات.”