گەمارۆی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە قورستر دەبێت

سوپای ڕێژیمی سووریا بە دانانی بەربەستی کۆنکرێتی و خاڵی ئەمنی نوێ، گرژییەکانی زیاتر کردووە.
سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە حەلەب، دۆخی ئەمنی هێشتا بە نائارامی ماوەتەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، هێزەکانی حکوومەت گەمارۆیەکی توندیان خستووەتە سەر گەڕەکەکانی (شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە) و ڕێگری لە چوونەژوورەوەی پێداویستییە سەرەکییەکان دەکەن.
میدیاکانی سەر بە بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا ڕایانگەیاندووە کە گرووپەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکومەتی کاتیی سووریا، لە ڕێگەی داخستنی ڕێگاکانی نێوان دوو گەڕەکەکە و گەڕەکەکانی تری حەلەب، گەمارۆیەکی توندیان سەپاندووە و ڕێگە نادەن دانیشتووان بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان.
هەروەها ئاژانسی هەواڵیی هاوار ڕایگەیاندووە کە بەربەستی کۆنکرێتی گەورە لەسەر ڕێگاکانی دەوروبەری هەردوو گەڕەکەکە دانراوە، بە ئامانجی داخستنی تەواوی ڕێگاکانی هاتنەناوەوە و چوونەدەرەوە.
هەروەها میدیاکانی ڕێژیمی سووریا ئاماژە بەوە دەکەن هێزەکانی حکوومەت تەنیا ڕێگە بە هاووڵاتیان دەدەن لەو دوو گەڕەکە بچنە دەرەوە، بەڵام ڕێگری لە گەڕانەوەیان دەکەن. هاوکات، ڕێگری لە ئۆتۆمبێلی دووکاندارەکان دەکرێت کە خۆراک و سەوزە بگەیەننە ناوچەکە، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای دانیشتووان دروست کردووە سەبارەت بە کەمیی نان و پێداویستییە سەرەکییەکان.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی حەلەب و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە)، لە ئەنجامی پێکدادانەکانی ڕۆژی دووشەممە و سێشەممە، نزیکەی 5 مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 26 کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها بەهۆی تۆپبارانەکانەوە، تۆڕی کارەبای نیشتمانی لە ناوچەیەکی فراوانی ئەو دوو گەڕەکە بەتەواوی پچڕاوە.
چالاکوانانی مەدەنی ڕۆژئاڤا باسیان لەوە کردووە کە بەشێکی زۆر لە خێزانەکان لە ترسی دەستپێکردنەوەی شەڕ یان درێژخایەنی گەمارۆکە، ماڵەکانیان بەجێهێشتووە و بەرەو عەفرین و ناوچەکانی دیکە کۆچیان کردووە.
لە لایەکی دیکەوە دانیشتووانی ناوچەکە بە میدیاکانیان ڕاگەیاندووە؛ سەرەڕای ئارامییەکی کاتی لە هێڵەکانی پێشەوە، بەڵام سوپای ڕێژیمی سووریا بە دانانی بەربەستی کۆنکرێتی و خاڵی ئەمنی نوێ، گرژییەکانی زیاتر کردووە.
لە بەرامبەردا، عەزام غەریب، پارێزگاری حەلەب لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندووە؛ تیمە تەکنیکییەکان خەریکی چاککردنەوەی ئەو زیانانەن کە بەر تۆڕەکانی کارەبا و پەیوەندییەکان کەوتوون، بەڵام ئاماژەی بە کاتی هەڵگرتنی گەمارۆکە یان کردنەوەی ڕێگاکان نەکردووە.
ڕۆژی دووشەممە گرووپەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا بە تانک و تۆپباران هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، کە لە ئەنجامدا ژنێک شەهید بوو و ١٩ کەسی دیکەش بریندار بوون.