لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا 16 کورد کوژراون

لە کۆی ئەو 17 هاوڵاتییە سڤیلەی کە کوژراون، 16 کەسیان هاووڵاتی کوردن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، هەفتەیەک بەسەر خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تێدەپەڕێت و تا ئێستا 17 هاوڵاتی مەدەنی بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژراون کە 16 کەسیان کورد بوون.
بەپێی ئامارێک کە هەنگاو بڵاوی کردۆتەوە، زیانە گیانییەکان لە شارەکانی مەڵەکشای، هەمەدان، هەرسین، نوراوا، کۆدەشت، ئازنا، لۆردەگان، فولادشار و مەرودەشت بووە.
ئەم شارانە لە پارێزگاکانی کرماشان، لوڕستان، هەمەدان، فارس، ئیلام، چوارمەحاڵ و بەختیاری و ئیسفەهان هەڵکەوتوون.
هەنگاو ڕایگەیاندووە کە ئەوان لێکۆڵینەوەیان لە لانیکەم 6 حاڵەتی دیکەی گیانلەدەستدان دەکەن و ئەگەر بتوانن پشتڕاستی بکەنەوە، ئەوا بۆ ڕای گشتی بڵاوی دەکەنەوە.
بەپێی ئاماری هەنگاو، لە کۆی ئەو 17 هاوڵاتییە سڤیلەی کە کوژراون، 16 کەسیان هاووڵاتی کوردن و یەکێکیشیان فارسە.
ئەوەش تۆمار کراوە کە لانیکەم 9 کەسیان لە کوردانی لوڕستان بوون.