خەڵات بە نیەتی باش نادرێت

لەنێوان دۆزێکی پیرۆز بەڵام بێئەنجام لەگەڵ پرۆژەیەکدا کە کەموکووڕیی هەیە بەڵام هەنگاو بە هەنگاو دەچێتەپێش، پەدەکە ئەوەی دووەمیانی هەڵبژارد.
ئەمڕۆکە پرسی کورد نە لەسەر هەوری خەیاڵ و لە بۆشایی ئەخلاقیدا بەڕیوە دەبرێت و نە بە هوتاف دروشمی بریقەدار، بەڵکوو لە دڵی ململانێیەکی جیۆپۆلیتیکی ئاڵۆزدا کە بە تەواوی لەلای هاوکێشەکانی هێز و بەرژەوەندی و هاوپەیمانییەکانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت.
لە وەها بارودۆخێکدا پێوەری سەرکەوتن و دەستکەوتی هەر بزووتنەوەیەکی سیاسی کورد تەنیا دڵسۆزی و هەست و سۆزی گەرم نییە، بەڵکوو هونەری گۆڕینی شوناس و خەونەکانە بۆ پڕۆژەیەکی سیاسی زیندوو و خۆڕاگر کە جیهان ناچار بکات دانی پێدا بنێت.
کاتێک سەیری ئەزموونی کورد لە پارچە جیاجیاکانی وڵات دەکەین، جیاوازییەکی گەورە لە نێوان دوو ڕێبازدا دەبینین:
ڕێبازێک کە دۆزەکە وەک دۆسیەیەکی ناڕەزایەتی و هاوارکردن دەبینێت.
ڕێبازێک کە دۆزەکە وەک پرۆسەیەکی سیاسی و بنیاتنانی دەوڵەت سەیر دەکات.
لێرەدا پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی جەنابی مەسعوود بارزانی وەک نموونەی عاقڵمەندێکی سیاسی دەردەکەوێ کە هەر زوو تێگەیشت کە گەمەی شۆڕشی هەتا هەتایی کۆتایی هاتووە و کاتی دەوڵەتێکی مومکین دەستی پێکردووە.
ئەم گواستنەوەیە وازهێنان لە پرەنسیپە نەتەوەییەکان نەبوو، بەڵکوو ڕاستکردنەوەی ڕێگا بوو بەرەو سەروەری بەشێوەی قۆناخ بە قۆناخ، نەک بە بەرزکردنەوەی دروشمی گەورە و بەبێ کردار.
پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، بە ژیرییەکی سیاسی، خۆی نەکردە دوژمنی سیستەمی نێودەوڵەتی و ناوچەیی، بەڵکوو هەوڵیدا دۆزی کورد بخاتە ناو تۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە نەک لە دەرەوەی ئەو، پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ئەمەریکا، ئەورووپا، تورکیا و وڵاتە عەرەبییەکان دامەزراند. ئەمە بەهۆی ئەوین و حەزلێکەری نەبوو، بەڵکوو بەهۆی تێگەیشتن لەو ڕاستییە بوو کە هیچ قەوارەیەکی بچووک بەبێ بەرژەوەندی لەگەڵ زلهێزەکاندا ناتوانێت خۆی لەسەر پێ ڕابگرێت. ئەمە پاشکۆیەتی نییە، بەڵکوو حیکمەتی دانوستانە کە کوردی کردووە بە لایەنێکی سەرەکی لە هاوکێشەکاندا، نەک قوربانییەکی پەراوێزخراو.
لە عێراقیش پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاریدا کە حوکمڕانی بکات نەک بەرهەڵستی، قەوارەی هەرێمی لە دەستووردا چەسپاند و دامودەزگای ئیداری و ئابووری و ئەمنیی لەسەر زەوی دامەزراند. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە بوونی کورد لە قۆناغی خەباتی چەکدارییەوە بچێتە قۆناغی حوکمڕانی و نیمچە سەروەرییەکی دانپێدانراو.
با ئەم ئەزموونە لەگەڵ ئەو حزبانە بەراورد بکەین کە هێشتا لە بازنەی ناڕەزایەتیی بێ ئەنجامدا دەخولێنەوە.
ئەگەر لە دۆخی پارچەکانی دیکەی کوردستان بڕوانین، دەبینین کە لە سووریە هێشتا کورد لە ژێر مەنتیقی سەربازیی و هاوکێشە کاتییەکانی زلهێزەکاندایە، بە بێ ئەوەی کە بووبێتنە خاوەن دانپێدانانێکی سیاسیی درێژخایەن.
لە تورکیاشدا سەرەڕای هەبوونی گوتارێکی مافخوازانەی بەهێز، بەڵام ئامرازە سیاسییەکان بۆ گۆڕینی ئەو گوتارە بۆ دەستکەوتی دامەزراوەیی، کەمن.
لە ئێرانیش گەمارۆی ئەمنی دەرفەتی نەداوە کە بزووتنەوەی کورد بتوانێ ببێتە ئەکتەرێکی سیاسیی وەها کە بتوانێ لەسەر مێز دانوستان بکات.
بۆیە سەرکەوتنی پارتی و ڕێبازی بارزانی سەرکەوتنێکی سۆزداری نییە، بەڵکو سەرکەوتنێکی ستراتژیکە.
ڕاستە ڕەنگە لە هەندێ شەڕی بچوکدا سەرکەوتوو نەبووبێت، بەڵام زانیویەتی چۆناوچۆن شەڕی مان و نەمان بەڕێوە ببات و هەموو شتێکی لەسەر یەک مێز دانەناوە. حیکمەتەکەی لەوەدایە کە دەزانێت سیاسەت بریتی نییە لە خۆهاویشتنە ناو تاریکی، بەڵکوو لڤینە لەناو دەرفەتەکەنی بەردەستدا بۆ ئەوەی بەرفراوانیان بکات.
بێگومان ئەم ڕێبازە بێ باج نییە. سیاسەتی پراگماتیک و واقیعبینانە هەندێک جار لەگەڵ هەستی نەتەوەیی شەقامدا یەکناگرێتەوە و ڕەنگە هەندێک وەک سازان لێی تێبگەن، بەڵام ئەگەر سەیری بەدیلەکە بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە بەدیلەکە تەنها لاوازی و دروشمی ناڕوونە. لەنێوان دۆزێکی پیرۆز بەڵام بێئەنجام لەگەڵ پرۆژەیەکدا کە کەموکووڕیی هەیە بەڵام هەنگاو بە هەنگاو دەچێتەپێش، پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمەی دووەمیانی هەڵبژارد.
بە کورتی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، ئەمڕۆکە تاکە مۆدێلە کە بە تەواوی لە گەمەی جیۆپۆلەتیک تێگەیشتووە و بە عەقڵیەتی دەوڵەتدارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، نەک بە دەمارگرژیی شۆڕشگێڕانە، بە پراگماتیزمی ستراتژیکەوە کار دەکات نەوەک بە ڕۆمانسییەتی سیاسی.
یاساکانی یارییەکە ناگۆڕێت، بەڵام دەزانێت چۆناوچۆن لەناو یارییەکەدا باشترین ئەنجام بۆ گەلەکەی بەدەستبهێنێت.
لە دونیایەکدا کە خەڵات بە نیەتی چاک نادرێت، بەڵکوو ئەنجام و دەسکەوتە باشەکان خەڵات دەکرێن، ئەمە لاوازی نییە، بەڵکو لووتکەی حیکمەتی سیاسییە.