دۆزی کورد ئەمڕۆکە بەتەنیا دۆزی خاک و سنوورەکان نییە، بەڵکوو دۆزی زەمەنە

جەوهەری سەردەمی ئەمڕۆ، سەردەمی پێناسەکردنە، “یان خۆمان لە ناو مێژوودا پێناسە دەکەین یان مێژوو ئێمە پێناسە دەکات”.
سمکۆ عەبدولعەزیز
ئەوەی کە ئەمڕۆکە لە سووریا و لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبدا دەبیندرێت، لە دانوستانی سیاسی و پێکدادانی ئەمنی زۆر قووڵترە.
ئەمەش دەرکەوتنێکی چڕە بۆ پرسیار لە واتای دەوڵەت، لە کاتێکدا کە ئیدی دەوڵەت ناتوانێت ئەو سەروەرییە بێت کە بانگەشەی بۆ دەکات، هەروەها ناشیهەوێت ئەوە بێت کە کۆمەڵگە لێی دەخوازێت.
ئێمە لە ناو قەیرانی ڕێژیمێکدا نین، بەڵکوو لە ناو قەیرانی واتادا دەژین.
دەوڵەت چیتر ناتوانێت سەروەرییەکی ڕەها بێت و کۆمەڵگەش ناتوانێت ئازادییەکی تەواو بێت. لە نێوان ئەم دوو نەتوانینەدا، بۆشاییەک پەیدا دەبێت کە ئێمە پێی دەڵێن سیاسەت.
کاتێک دەوڵەت بە بێ دانپێدانان دانوستان دەکات و بە بێدەنگی دەڵێت: هێز دەتوانێت جێگەی ڕەوایەتی بگرێتەوە.
کاتێک گرووپێک کۆنتڕۆڵی دەکات بەڵام قبووڵ ناکرێت، ئەو گرووپەش بە بێدەنگی دەڵێت: ئامادەبوون لەسەر زەوی دەتوانێت جێگەی ناوی یاسایی بگرێتەوە.
لێرەدا گرێیەکی هاوچەرخی کوردی سەرهەڵدەدات: هەبوون بەبێ دانپێدانان.. یاسا بەبێ نوێنەرایەتی.. و حوکمڕانی بەبێ سەروەری.
لەم دەڤەرە خۆڵەمیشییەدا، ئەمڕۆکە کورد نە وەک شۆڕشگێڕ و نە وەک هاوڵاتی هەڵسوکەوت ناکات، بەڵکو وەک بوونەوەری سیاسی هەڵواسراو لە نێوان دوو سەردەمدان: سەردەمی دەوڵەت- نەتەوە کە چیتر ئەوان ناگرێتەوە و سەردەمی دەوڵەتی فرەیی کە هێشتا لەدایک نەبووە.
ئەم هەڵپەساردنە مەترسیدارترین شێوەی هەبوونی سیاسییە، چونکە میللەتێک بە زیندوویی دەهێڵێتەوە بەڵام بە بێ گەرەنتی، دەسەڵاتیش بە ئامادەیی دەهێڵێتەوە بەڵام بە بێ شەرعیەت و ڕەوایەتی.
لەم هاوکێشەیەدا ئیتر هێز ئامرازی یەکلاکەرەوە نییە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ حوکمڕانی و توندوتیژی، ڕێگایەک نییە بۆ سەروەری، بەڵکوو پاساوێکە بۆ دواخستنی پرسی سەروەری.
بۆیە دەبینین: شەڕ هەیە بەبێ جەنگ، دانوستان هەیە بەبێ ڕێککەوتن، زەوتکردن هەیە بەبێ دانپێدانان. ئەمە ئاشتی نییە، بەڵکوو ڕاگرتنی ململانێیە لە ناو کاتدا، نەوەک چارەسەرکردنی لە ناو واتادا.
لێرەدا شوناسیش دەگۆڕدرێت، لە ئینتیماوە دەبێتە ئارەزوو، لە بیرکردنەوەوە دەبێتە ناڕازیبوون و لە هەبوونێکی سروشتییەوە دەبێتە هەبوونێکی بەرگریکار. ئەمەش پاڵنەرێک دەبێت بۆ ئەوەی کە میللەت بوەستێت، چونکە ئەو نەتەوەیەی کە هەمیشە سەقاڵی بەرگریکردن بێت، دەرفەتی ئەوەی نامێنێت کە لە گەلێکەوە کەوا دەیهەوێت بژیت، ببێتە گەڵێک کە دەیهەوێ بوونی هەبێت.
لە لایەکی ترەوە ئەو دەوڵەتەی دانپێدانان ناکات، وردە وردە لە چوارچێوەیەکی هاوبەشەوە دەگۆڕدرێت بۆ دەزگایەکی داگیرکەر و لە قەوارەیەکی کۆکەرەوە بۆ دەسەڵاتێکی ترسەنۆک.
ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە سووریا بۆچی دانوستان دەکات بەڵام بەشداری ناکات، بۆچی تێکەڵاوی دەکات بەڵام قبووڵی ناکات؟ (بەڵام کات مەترسیدارترین یاریزانە، چونکە کات لەسەر کەس ڕاناوەستێت).
ڕاهاتن لەسەر “ئیستیسنا و ئاساییکردنەوەی لاوازی و ژیانێکی پێشوەختە کە دەبێتە هەمیشەیی بەبێ ئەوەی کەس هەستی پێبکات و مانەوەی ئەو هەڵپەساردەییەی کە پاریزگاری لە کەتوار ناکات و بەڵکوو بەرە بەرە واقیع هەڵدەلووشێت. کۆمەڵگەکان بە زەربەی گەورە لەناو ناچن، بەڵکوو بە خواردنی بچووک و بەردەوام لەناو دەچن.”
لەبەر ئەوەی کە دۆزی کورد ئەمڕۆکە بەتەنیا دۆزی خاک و سنوورەکان نییە، بەڵکو دۆزی زەمەنە:
چۆناوچۆن لە سەردەمی چەقبەستنەوە بەرەو کاتی بنیاتنان دەڕۆین؟
چۆناوچۆن لە کەتواری ئێستاوە دەپەڕینەوە بۆ واتایەکی دانپێدانراو؟
چۆناوچۆن دەتوانین لە هێزێکی واقعییەوە بڕۆین بۆ ڕەوایەتییەکی سیاسی؟
ئەمەش پێویستی بە بوێرییەکی جیاواز هەیە، ئازایەتی وازهێنان لە دەستهەڵگرتنی ناڕازیبوون و لە وەهمی یەکلاکردنەوە و ئەو بیرۆکەیەی کە مێژوو بەشیوەیەکی ئوتوماتیکی لە بەرژەوەندیی ئێمەدا کاردەکات.
مێژوو لە بەرژەوەندی کەسدا کارناکات، بەڵکوو لە بەرژەوەندیی ئەو کەسانەدا کاردەکات کە لە لۆژیکەکەی تێدەگەن.
ئەوەی ئەمڕۆ لە سووریا دەگوزەرێت، پرسیاری ئەوە نییە کە کێ ئەو گەڕە دەباتەوە، بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە کە کێ کات دەباتەوە؟ کێ دەتوانێ چەقبەستوویی بگۆڕێت بۆ جووڵە؟
کێ هەبوون دەگۆڕێت بۆ واتا؟
کێ هێز دەگۆڕێت بۆ ڕەوایەتی؟
ئەو کەسەی کە ئەم کارە بکات، ڕەنگە دەستبەجێ سەرکەوتوو نەبێت، بەڵام دەمێنێتەوە، ئەوەشی کە نەیکات، ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کاتی سەرکەوتوو بێت، بەڵام لە واتا ون دەبێت، تەنانەت ئەگەر لە واقێعیشدا بمێنێتەوە.
جەوهەری سەردەمی ئەمڕۆ ئەمەیە: سەردەمی تەقینەوە نییە، بەڵکوو سەردەمی پێناسەکردنە (یان دەبێ خۆمان لە ناو مێژوودا پێناسە دەکەین یانیش مێژوو ئێمە پێناسە دەکات).