فەرەنسا داوای ئاگربەست لە حەلەب دەکات و پشتگیری لە کشانەوەی “شکۆمەندانەی” شەڕڤانان دەکات

فەرەنسا داوای ئاگربەست لە حەلەب دەکات و پشتگیری لە کشانەوەی "شکۆمەندانەی" شەڕڤانان دەکات

فەرەنسا پشتگیری لەو پێشنیازانە دەکات کە مەبەست لێیان پاراستنی هەموو سڤیلەکانە لە حەلەب.

حکومەتی فەرەنسا نیگەرانیی خۆی لە دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب دەربڕی، داوای لە هەموو لایەنەکان کرد دەستبەجێ بۆ رێککەوتنی ئاگربەست بگەڕێنەوە.

 رۆژی شەممە 10-01-2026 وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیاندراوێکدا داوای کرد، رێگە بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان خۆش بکرێت و پارێزگاری لە دانیشتووانی شارەکە بکرێت.

 فەرەنسا پشتگیری لەو پێشنیازانە دەکات کە مەبەست لێیان پاراستنی هەموو سڤیلەکانە لە حەلەب، هاوشێوەی ئەو بەڵێنەی حکومەتی سووریا دابووی. هەروەها داوای کرد، رێگە بدرێت شەڕڤانان بە شێوەیەکی “شکۆمەندانە” لە ناوچەکە بکشێنەوە.

 پاریس جەختی کردەوە، لەگەڵ هاوبەشەکانی، بە پلەی یەکەم ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ حەلەب، لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوو، خاوەن سەروەری و فرەییدا.

 ئەم هەڵوێستەی فەرەنسا لە کاتێکدایە، پێکدادانی تووند لەنێوان سوپای عەرەبیی سووریا و شەڕڤانانی کورد لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە 06-01-2026ـەوە دەستیپێکردووە. بەپێی دوایین ئامارەکان، ئەم شەڕە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 159,000 کەس.

 ئەم هەڵکشانانە دوای ئەوە دێن جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئاداری 2025، کە تایبەت بوو بە تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لەناو حکومەتی نوێی سووریادا، رووبەڕووی ئاستەنگ بووەوە. فەرەنسا وەکو هاوبەشێکی نێودەوڵەتی، پێشتر داوای کردبوو هەموو پێکهاتەکانی سووریا لەناو حکومەتدا نوێنەرایەتییان هەبێت و پارێزراو بن.

Share

پوستێن ھەمان بەش