ڕوانگەی سووری: لە شێخ مەقسوود 300 هاووڵاتی سڤیل بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کراون

کرداری میلیشیاکان، ڕووداوی تاکەکەسی نین، بەڵکوو پلانێکن بۆ ترساندنی خەڵکی مەدەنی و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە.
هێزەکانی سەر بە “حکومەتی کاتی” لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب زیاتر لە 300 هاووڵاتی سڤیلیان دەستبەسەر کردووە و بە دەیان هاوڵاتی مەدەنی ڕووبەڕووی سووکایەتی و دەستدرێژی قورس و مامەڵەی نامرۆڤانە بوون.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ (SOHR) بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سووریا چوونەتە ناو گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب، هەڵمەتی دەستبەسەرکردنی بەرفراوانیان دەستپێکردووە. ڕوانگەی سووری ڕایگەیاندووە کە لانیکەم 300 هاووڵاتی مەدەنی لە بارودۆخێکی سەختدا دەستبەسەر کراون و کەرامەتیان پێشێل کراوە.
دەستدرێژی ڕەگەزپەرستانە و مامەڵەی دڕندانە
ڕوانگەی سوور هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە چەکدارانی ئەو گرووپانە بە شێوەیەکی زۆر خراپ هەڵسوکەوت لەگەڵ هاووڵاتیانی سڤیل دەکەن و هەوڵدەدەن بە هەموو شێوەیەک سوکایەتییان پێبکەن و زەلیلیان بکەن. لەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوبوونەتەوە، دەبیندرێت کە هاووڵاتیانی مەدەنی لەبەردەم دیوارێکدا کۆکراونەتەوە و چارەنووسیان نادیارە.
چارەنووسی ژن و منداڵەکان نادیارە
بەپێی زانیارییەکانی ناوچەکە، دوای کۆنترۆڵکردنی ئەو دوو گەڕەکە، چەکدارەکان دەستیان بە دەستبەسەرکردنی پیاوان کردووە، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی سەدان ژن و منداڵ نادیارە. وەک ڕاگەیەندراوە، دەیان کەس بێسەروشوێنن و خێزانەکانیان لە ترس و خەوفێکی زۆردان.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ هەروەها ڕەخنەیان لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان گرتووە کە لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییە سیستماتیکیانەدا بێدەنگ بوون. ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەم کردارانە ڕووداوی تاکەکەسی نین، بەڵکوو پلانێکن بۆ ترساندنی خەڵکی مەدەنی و گۆڕینی دیمۆگرافیا.