سەرۆک بارزانی پەیامێکی لەسەر ڕەوشی حەلەب بڵاوکردەوە

سەرۆک بارزانی: “دەبێ کۆتایی بەو هەڵمەتە بهێنرێت کە دژی عەرەبە سوورییەکان دەکرێت، ئەوانەی لە هەرێمی كوردستاندا دەژین”.
ئەمڕۆ دووشەممە، 12/1/2026، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا رایگەیاند، “لە كاردانەوە بەرانبەر رووداوەكانی چەند رۆژی رابردووی شاری حەلەب، بەداخەوە لە هەندێک پێگەی میدیایی و سۆشیاڵمیدیا و ناوەندی دیکەدا، هەڵمەتێك لە دژی ئەو هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە دەبینرێت كە لە هەرێمی كوردستاندا دەژین. ئەم جۆرە هەڵمەت و رەفتارانە لە جێی خۆیدا نین و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پڕەنسیپ و بەهاكانی گەلی كوردستان ناگونجێن و دژی سیاسەت و روانگەی گشتیی دامودەزگەی هەرێمی كوردستانن”.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لە كاردانەوە بەرانبەر ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری حەلەب، بەداخەوە لە هەندێک پێگەی میدیایی و سۆشیاڵمیدیا و ناوەندی تردا، هەڵمەتێك لە دژی ئەو هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە دەبینرێت كە لە هەرێمی كوردستاندا دەژین.
ئەم جۆرە هەڵمەت و ڕەفتارانە لە جێی خۆیدا نین و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پڕەنسیپ و بەهاكانی گەلی كوردستان ناگونجێن و دژی سیاسەت و ڕوانگەی گشتیی دامودەزگەی هەرێمی كوردستانن.
لە ڕاستیدا نابێ ئۆباڵی ئەنجامدانی تاوان لەلایەن خەڵكێكەوە بخرێتە ئەستۆی خەڵکانێکی دیکەوە كە هیچ پەیوەندییان بە تاوانەكەوە نەبووە.
دەبێ ڕێزی ئەو پەنابەر و هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە بگیرێت كە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە و لێرە دەژین و پێویستە كۆتایی بەم هەڵمەتە نابەجێیە بهێندرێت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە بگرن.
مسعود بارزانی
12ی كانوونی دووەمی 2026