سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە نوێنەری ترەمپ کرد: پێویستە مافەكانی كورد لە سووریا گەرەنتی بكرێن

تۆم بەڕاک سڵاو و ڕێزی سەرۆك ترەمپی بە سەرۆك بارزانی گەیاند.
ڕۆژی شەممە 17/1/2026 لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە تۆم بەڕاک نوێنەری سەرۆك ترەمپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا و شاندی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا كە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادەی بوو، تۆم بەڕاک سڵاو و ڕێزی سەرۆك ترەمپی بە سەرۆك بارزانی گەیاند، هەروەها پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی هەبوو لە پڕۆسەی ئاشتی و هێوركردنەوەی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی سووریا.
هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سووریا و دوایین گۆڕانكارییە مەیدانیەكان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەخت لەوە كرایەوە كە بۆ گەیشتن بە چارەسەریی كێشەكان پێویستە پشت بە دیالۆگ و لێكتێگەیشتن و شێوازی ئاشتیانە ببەسترێت.
مافەکانی نەتەوەی کورد لە داهاتووی سووریادا
لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی ڕۆڵی ئەمریكای لە یارمەتیدانی لایەنەكانی سووریا كرد بۆ گەیشتن بە چارەسەركردنی كێشەكان و جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە لە داهاتووی سووریادا مافەكانی گەلی كورد گەرەنتی بكرێت.