بەڕێوەبەریی خۆسەر ژمارەیەک ڕێگای ستراتیژی بەڕووی حکوومەتی دیمەشقدا داخست

بەڕێوەبەریی خۆسەر ژمارەیەک ڕێگای ستراتیژی بەڕووی حکوومەتی دیمەشقدا داخست

بڕیارەکە لەبەر ڕۆشنایی “پەرەسەندنە ئەمنییە مەترسیدارەکان” و لە وەڵامی هەنگاوی “حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا لە دیمەشق بۆ داخستنی دەروازەکان لە لای خۆیەوە” دراوە.

بەڕێوەبەریی خۆسەر لەبەر هۆکاری ئەمنی، داخستنی سەرجەم ڕێگا و دەروازەکان لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی سووریا، لە تەبقە، ڕەققا و دێرەزوور ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15/1/2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی دەروازە و هاتووچۆکاران لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە)ـدایە، لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا، بڕیاری داخستنی سەرجەم دەروازەکانی لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی سووریا، لە تەبقە، ڕەققا و دێرەزوور ڕاگەیاند.

بەپێی نووسراوەکە، ئەم بڕیارە لەبەر ڕۆشنایی “پەرەسەندنە ئەمنییە مەترسیدارەکان” و لە وەڵامی هەنگاوی “حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا لە دیمەشق بۆ داخستنی دەروازەکان لە لای خۆیەوە” دراوە.

ڕاگەیاندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، داخستنی دەروازەکان لەلایەن دیمەشقەوە بووەتە هۆی “گرژیی ئەمنی و پەرەسەندنێکی مەترسیدار” و “کاریگەریی ڕاستەوخۆ و مەترسیداری لەسەر سەلامەتیی هاووڵاتییان، کارمەندان و گەشتیاران” دروست کردووە.

بڕیاری داخستنەکە، “تا ئاگادارییەکی دیکە” کاری پێدەکرێت، چەند حاڵەتێکی مرۆیی بەدەر کردووە، لەوانە:

1- حاڵەتە مرۆییە بەپەلەکان

2- ڕێکخراوە مرۆییە باوەڕپێکراوەکان

ئەمە لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی سەربازیی کردە سەر هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) و بەوهۆیەوە دەیان هاووڵاتیی کورد شەهید، بریندار و ئاوارەبوون؛ سوپاکە ڕۆژی سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەم، لە ڕاگەیەنراوێکدا هەردوو ناوچەی (دێر حافر و مەسکەنە)ـی وەک ناوچەی ‘سەربازیی داخراو’ ناساند.

Share

پوستێن ھەمان بەش