لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە ماڵ و دوکانەکانی کورد تاڵان دەکرێن

ئەم دۆخە، قەیرانی مرۆیی و ژیانی لە ناوچەکەدا خراپتر دەکات.
لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب، هەڵمەتێکی بەرفراوانی تاڵان و دزی لە دژی ماڵ و دوکانەکانی کورد دەستی پێکردووە.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەڕەکە کوردییەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب تووشی هەڵمەتێکی تاڵانکردن و دزیکردن بوون کە ماڵ و دوکانەکانی هاووڵاتیانی کورد و هەروەها ماڵە مەدەنییەکانیان لە زۆربەی ناوچە و شەقامەکاندا، کردۆتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە غیابی هەموو ڕێکارەکانی خۆپارێزیدا ئەم ماڵ و دوکانانە تاڵان دەکرێن.
بەگوێرەی ڕوانگەی سووری، دانیشتووان نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن سەبارەت بەو بۆشاییە ئەمنییە بەردەوامە و لێپرسینەوە نەکردن، ئەمەش بەهۆی نەبوونی ڕێوشوێنی ڕوون بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان یان گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی تاڵانکراوەکانیان.
هەروەها ڕاگەیەندراوە کە ئەم دۆخە، قەیرانی مرۆیی و ژیانی لە ناوچەکەدا خراپتر دەکات.