هەسەدە: لە دێر حافر نانەواخانە و پۆستەخانە بوونە ئامانجی هێرشەکان

دوابەدوای پەلاماردانی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، رێژیمی سووریا و گرووپە پشتیوانەکانی خەریکی فراوانکردنی هێڵەکانی پێشەوەن بۆ ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) ڕایگەیاند، دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانی شاری دێرحافر بەشێوەیەکی سیستماتیک بۆردومان دەکرێن.
بەگوێرەی بەیاننامەکەی هەسەدە، هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق و گرووپە چەکدارەکانی ئەو میحوەرە، ئەمڕۆ چوارشەممە 14/1/2026، بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی هێرشیان کردۆتە سەر نانەواخانەیەک لە شاری دێرحافر. هەسەدە ئەم کارەی بە “تاوانێکی نوێ” وەسفکرد و ڕایدەگەیەنێت کە ئەم هێرشە ڕاستەوخۆ ئاسایشی خەڵکی مەدەنی و بژێوی ڕۆژانەیان دەکاتە ئامانج.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە ئەمە دووەمجارە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان لە شاری دێرحافر تۆپباران دەکرێن، هەروەها بینای پۆستەخانەی شارەکەش ئەمڕۆ بە تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج.
هەسەدە سەرنجی بۆ مەترسی ئەم هێرشانە ڕاکێشا و وتی: “ئەم هێرشانە بۆ سەر ژێرخانەکان، پێشێلکارییەکی ڕوونی هەموو یاسا و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانە، ئامانج لێی بێبەشکردنی خەڵکی سڤیلە لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و و بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێیە لە ناو کۆمەڵگەدا”.
دوابەدوای هێرشەکانی سەر هەر دوو گەڕەکی کوردنشینی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، سوپای ریژیمی سووریا و گرووپە پشتیوانەکانی خەریکی فراوانکردنی هێڵەکانی پێشەوەن بۆ ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان و لە ئێستادا جموجۆڵی سەربازی قورس لە ناوچەکانی وەک دێر حافر، مەسکەنە لە گوندەوارەکانی تەبقا و دەوروبەری بەنداوی تشریندا بەدی دەکرێت.