سەرۆک بارزانی میوانداری لە تۆم باراک و مەزڵووم عەبدی و محەمەد ئیسماعیل دەکات

ئەمریکا و هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدەن لایەنە کوردییەکانی سووریا و حکومەتی نوێی دیمەشق بخەنە سەر مێزی دیالۆگ.
سەرۆک مەسعوود بارزانی میوانداری کۆبوونەوەیەکی گرنگی نێوان تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) و محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنەکەسەی کرد.
بارەگای بارزانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ 17/1/2026، سەرۆک مەسعوود بارزانی، پێشوازیی لە شاندێکی باڵای ئەمەریکا و فەرماندە و بەرپرسانی کوردی ڕۆژئاڤای کوردستانی کرد. لەو کۆبوونەوە ستراتژیکەدا ئەم کەسانە ئامادە بوون:
ـ باڵیۆز تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا.
ـ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە).
ـ محەمەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ENKS).
ـ وێندی گرین، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر.
ـ ژەنەڕاڵ کیڤن لامبێرت، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا.
ـ کۆلۆنەل زاکارا جۆرک.
لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک مەسعوود بارزانی بەگەرمی بەخێرهێنانی هەموو لایەنەكانی كرد و سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكەش كردن كە لەم هەلومەرجە تایبەتەدا ئامادەیان بۆ ئەم كۆبوونەوەیە هەبووە لەپێناو ئاشتی و ڕێگرتن لە توندوتیژی. سەرۆک بارزانی جەختی لە بایەخ و گرنگیی دیالۆگ و سەقامگیری و پێكەوەژیان لە سووریای نوێ كردەوە.
هەر لەو دیدارەدا باڵوێز تۆماس باراک بە نوێنەرایەتیی ئەمەریكا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆک بارزانی كرد بۆ ئەم میوانداری و كۆبوونەوەیە و پشتیوانییە بەردەوامەكانی.
دواتر ئامادەبوان گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان هەبوو لەسەر چەند بابەتێک و بۆ هێنانە ئارای سەقامگیری ڕۆشناییان خستەسەر چەند هەنگاوێكی كرداری.
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدەن لایەنە کوردییەکانی سووریا و حکومەتی نوێی دیمەشق بخەنە سەر مێزی دیالۆگ.