هەسەدە پابەندبوونی تەواوی بە ئاگربەست لەگەڵ دیمەشق ڕاگەیاند

هەسەدە پابەندبوونی تەواوی بە ئاگربەست لەگەڵ دیمەشق ڕاگەیاند

هەسەدە: “ئامادەین بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی 18ی ژانیڤەری، بەو شێوەیەی کە خزمەت بە هێورکردنەوەی دۆخەکە و سەقامگیری دەکات.”

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە ڕاگەیاندراوێکدا بەفەرمی پابەندبوونی هێزەکانی بەو ئاگربەستە دووپات کردەوە کە لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق لێکتێگەیشتنی لەسەر کراوە و ڕایگەیاند، تاوەکو هێرشیان نەکرێتە سەر، دەستپێشخەری بۆ هیچ کردەوەیەکی سەربازی ناکەن و ئامادەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی 18ـی ئەم مانگەن.

ڕۆژی سێشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە دۆخی مەیدانی و ئاگربەست بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “پابەندبوونی تەواوی هێزەکانمان بەو ئاگربەستە ڕادەگەیەنین کە لەگەڵ حکوومەت لە دیمەشق لێکتێگەیشتنی لەسەر کراوە.”

هەسەدە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەوان دەستپێشخەری بۆ هیچ کارێکی سەربازی ناکەن، مەگەر لە داهاتوودا هێزەکانیان ڕووبەڕووی هێرش ببنەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا، فەرماندەیی گشتیی هەسەدە ئامادەیی خۆی بۆ چارەی ئاشتییانە نیشان داوە و ڕایگەیاندووە: “دووپاتی دەکەینەوە کە کراوەین بەڕووی ڕێڕەوە سیاسییەکان و چارەکان لە ڕێگەی دانوستان و گفتوگۆوە.”

هەسەدە لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکە، ئاماژەی بەوە داوە، “ئامادەین بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی 18ـی کانوونی دووەم، بەو شێوەیەی کە خزمەت بە هێورکردنەوەی دۆخەکە و سەقامگیری دەکات.”

Share