سەرۆك بارزانی بۆ ئەحمەد شەرع: پێویستە ماف و كەرامەتی گەلی كورد پارێزراو بێت

سەرۆك بارزانی بۆ ئەحمەد شەرع: پێویستە ماف و كەرامەتی گەلی كورد پارێزراو بێت

شەرع: “لەگەڵ هەسەدە گەیشتووینەتە رێککەوتن و هەموو مافە نەتەوەیی و سیاسی و مەدەنییەکانی کورد لە سووریا پارێزراون”.

سەرۆك مەسعود بارزانی و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا ڕەوشی سووریا و مافەکانی نەتەوەی کوردیان تاوتوێ کردووە.

لە ڕاگەیاندراوێکدا بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە؛ ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 20ی كانوونی دووەمی 2026 سەرۆك مەسعود بارزانی، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریاوە پێ گەییشتووە.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا وێڕای ئاماژەدان بە دوایین پێشهاتەكانی سووریا، ئەوەی خستەڕوو كە لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكراتیک (هەسەدە)دا گەیشتوونەتە رێككەوتن.

هەرلەو پەیوەندییەدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە ئێمە لەگەڵ ئاشتیداین و پێویستیشە ماف و كەرامەتی گەلی كورد پارێزراو بێت.

ئەحمەد شەرع: مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی کورد گەرەنتی دەکرێن

سەرۆکایەتی کۆماری سووریا شەوی ڕابردوو سەبارەت بە ناوەڕۆکی پەیوەندییەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە. بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، ئەحمەد شەرع بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاندووە: “هەموو مافە نەتەوەیی و سیاسی و مەدەنییەکانی کورد لە سووریا پارێزراون”.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە هەردوولا لەسەر بەردەوامی هەماهەنگی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکە و دۆزینەوەی ڕێگەی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ڕێککەوتوون.

Share