سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی: ئێمە لە هەموو بارودۆخێکدا لەپاڵ گەلەکەمان لە ڕۆژئاڤای کوردستاندا دەبین

دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماری هاوکارییەکانی لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2026، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، دوایین ئاماری چالاکی و هاوکارییەکانی دەزگاکەی بۆ خوشک و برایان لە رۆژئاوای کوردستان خستە ڕوو.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند، هاوکارییەکانیان سێکتەرە جیاوازەکانی وەک پەروەردە، تەندروستیی، بژێوی و خۆراکی گرتووەتەوە.
بەگوێری ئامارەکان، تاوەکو ئێستا دەزگاکە توانیویەتی ئەم خزمەتگوزارییانە پێشکەش بکات:
تا ئێستا 165 بارهەڵگری پڕ لە هاوکارییە مرۆییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی گەیشتوونەتە شار و شارۆچکەکانی (قامشلۆ، عامودێ، گرکێلەکێ، دێریک، تربەسپی و دەرباسیە). بۆ ئەم مەبەستە، 115 کارمەندی دەزگاکە لە چوارچێوەی 12 تیمی مەیدانیدا بە شێوەیەکی هاوکات لە ناوچە جیاجیاکان سەرقاڵی دابەشکردنی هاوکارییەکانن.
بەگوێرەی ئامارەکان، نۆ هەزار و 180 خێزان کە کۆی گشتییان دەکاتە 57،955 کەس، لە هاوکارییە جۆراوجۆرەکان سوودمەند بوون. هاوکارییەکانیش پێکهاتوون لە 22 بابەتی جیاواز (وەک خۆراک، دۆشەک، بەتانی و پێداویستی ناوماڵ) کە بەسەر 82 قوتابخانەدا دابەشکراون.
لە کەرتی سووتەمەنیدا، بڕی 145،177 لیتر گازوایل و نەوت بۆ 108 قوتابخانە و هەشت مزگەوت دابینکراوە. هاوکات لە ڕووی دابینکردنی خۆراکی گەرمەوە، نۆ هەزار و 330 ژەمە خۆراک لە 15 قوتابخانە و سێ مزگەوت دابەشکراوە و بڕیارە ڕۆژانە سێ هەزار ژەمی تریش دابەش بکرێت.
تیمە تەندروستییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی و تیمە خۆبەخشەکان توانیویانە چارەسەری پزیشکی بۆ دوو هەزار و 749 کەس ئەنجام بدەن، کە لە 34 قوتابخانەی جیاوازدا خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش دەکرێت.
جگە لە لایەنی مرۆیی، دەزگاکە بایەخی بە ڕەخساندنی دەرفەتی کاریش داوە و لەو چوارچێوەیەدا 289 کەس لە پڕۆسەی گەیاندن و دابەشکردنی هاوکارییەکاندا وەک دەرفەتی کار دامەزراون.
ئەم هەڵمەتە مرۆییەی دەزگای خێرخوازی بارزانی وەک بەشێک لە ئەرکە نیشتمانی و مرۆییەکانی دەزگاکە بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوان لە رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە.