ئەمڕۆ رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق جێبەجێ دەکرێت

لە قۆناغی یەکەمدا فیرقەیەکی سەربازیی نوێ لە 3 لیوای 16 هەزار کەسی بۆ هێزەکانی هەسەدە پێکدەهێنرێت.
ئەمڕۆ رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا جێبەجێ دەکرێت و لە شەوی رابردووەوە لە حەسەکە و قامشلۆ قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندراوە و ئێستاش فڕۆکەی جەنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ئاسمانی هەردوو شارەکە دەسووڕیتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە 2/2/2026، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی گشتگیر، هێزی ئەمنیی حکوومەتی سووریا لە چوارگۆشەی ئەمنی قامشلۆ جێگری دەکرێن.
فیرقەیەکی سەربازیی نوێ پێکدەهێندرێت
لە قۆناغی یەکەمدا فیرقەیەکی سەربازیی نوێ لە 3 لیوای 16 هەزار کەسی بۆ هێزەکانی هەسەدە پێکدەهێنرێت و پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی هەسەدە و حکوومەتی سووریا مانگێک دەخایەنێت، دوای ئەوەی فڕۆکەخانەی قامشلۆ و دەروازە سنوورییەکان رادەستی حکوومەتی سووریا کران، لە قۆناغی دووەمدا کێڵگە نەوتییەکانیش رادەست دەکرێن.
هەروەها لە رووی ئەمنییەوە، هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەچنە ناوەندی شارەکانی حەسەکە و قامشلۆ و پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی سووریا دەستپێدەکات.
هاوکات لە رووی سەربازییەوە، بڕیار لە پێکهێنانی فیرقەیەکی سەربازیی نوێ کە لە 3 لیوای هێزەکانی سووریای دیموکرات پێکدێت، لەگەڵ پێکهێنانی لیوایەکی تایبەت بۆ هێزەکانی کۆبانێ لە چوارچێوەی فیرقەیەکی سەر بە پارێزگای حەلەب دراوە.
رێککەوتننامەکە لایەنی ئیداری و مەدەنیشی گرتووەتەوە، بە جۆرێک کە سەرجەم دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەخرێنە سەر دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی سووریا و فەرمانبەرە مەدەنییەکان لە کارەکانیان جێگیر دەکرێن.
قەدەغەی هاتوچۆ و ڕێکارە ئەمنییەکان
قەدەغەی هاتوچۆ لە حەسەکە و قامشلۆ بڕیارە تاوەکوو کاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام بێت، بە گوێرەی راگەیەندراوی ئاسایشی ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، ئەم بڕیارە بۆ رێگرییە لە دروستبوونی هەر پشێوییەکی ئەمنی.
هۆشداریشیداوە، هەر سەرپێچییەکی قەدەغەی هاتوچۆ و پشێویەکی ئەمنی رێکاری توندی بەرانبەر دەگیرێتەبەر.
لەلایەن خۆیەوە ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد له سووریا (ئهنهكهسه) رایگهیاند، پێویستە رێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و ههسهده بە شێوەیەکی جددی و درێژخایەن جێبەجێ بکرێت.
خاڵەکانی رێککەوتنەکە بەسەر دۆسیەکانی سەربازی، ئەمنی، ئیداری و ئابووریی بەمشێوەیە دابەشبوون:
1ـ ئاگربەست و زیندانەکان
راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی و گشتگیر و راگرتنی سەرجەم هەڵمەتەکانی دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەر شوێنەکان. لەگەڵ بەردەوامیی پاراستنی زیندانەکانی داعش لەلایەن هەسەدەوە و دابینکردنی پشتیوانیی لۆجیستی تەواو بۆ پڕۆسەکانی گواستنەوە.
2ـ کشانەوەی سەربازی
کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی هەسەدە لە شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ بۆ ئەو سەربازگانەی لەسەری رێککەوتوون، لە بەرانبەردا سوپای سووریا دەستبەجێ دەکشێتەوە بۆ شارۆچکەی شەدادی لە باشووری حەسەکە.
3ـ پێکهێنانی هێزی سەربازی لە حەسەکە
وەزارەتی بەرگریی سووریا فیرقەیەکی سەربازی تایبەت بە پارێزگای حەسەکە پێکدەهێنێت و هێزەکانی هەسەدە لە چوارچێوەی سێ لیوادا لەو فیرقەیەدا تێکەڵ دەکرێن.
4ـ هێزەکانی کۆبانێ
تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکانی کۆبانێ وەک لیوایەک کە سەر بە فیرقەیەکی سەربازیی پارێزگای حەلەب دەبێت.
5ـ دۆسیەی ئەمنی و وەزارەتی ناوخۆ
هاتنەناوەوەی 15 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەر یەک لە شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ بەمەبەستی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، هەروەها دەستپێکردنی پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییەکانی هەسەدە (ئاسایش) بە وەزارەتی ناوخۆ.
6ـ دابەشکردنی پۆستە باڵاکان
دیاریکردنی پارێزگاری حەسەکە (هەسەدە کاندیدی دەکات).
دیاریکردنی فەرماندەی پۆلیس/ئاسایشی پارێزگا (حکوومەتی سووریا کاندیدی دەکات).
دیاریکردنی جێگری وەزیری بەرگری (هەسەدە کاندیدی دەکات).
7ـ رادەستکردنی شوێنە هەستیارەکان
رادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکانی “رمێلان و سوەیدیە” و تێکەڵکردنی فەرمانبەرە مەدەنییەکانیان بە وەزارەتی وزە.
رادەستکردنی فڕۆکەخانەی قامیشلۆ بە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانی.
8ـ دەروازە سنوورییەکان
ناردنی تیمێک لە دەستەی دەروازە سنوورییەکان بۆ دەروازەی سێمالکا و نوسەیبین بۆ بەفەرمیکردنی کارمەندە مەدەنییەکان، رێگریکردن لە بەکارهێنانی دەروازەکان بۆ هێنانی چەک و بیانییەکان، و کردنەوەی دەستبەجێی دەروازەکان.
9ـ دامەزراوە مەدەنییەکان
حکوومەتی سووریا سەرپەرشتی سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکانی پارێزگای حەسەکە دەکات و دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکات، لەگەڵ بەفەرمیکردنی ئەو فەرمانبەرە مەدەنییانەی تێیاندا کار دەکەن.
10ـ قەدەغەی هێزی سەربازی لە شارەکان
قەدەغەکردنی چوونی هێزە سەربازییەکان بۆ ناو شار و شارۆچکەکان لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە، بەتایبەتی ناوچە کوردییەکان.
11ـ داننان بە بڕوانامەکان
چارەسەرکردن و پەسەندکردنی سەرجەم بڕوانامەکانی خوێندنگە، پەیمانگا و زانکۆکان کە لەلایەن خۆبەڕێوەبەریی باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە دەرچوون.
12ـ مۆڵەتی رێکخراو و میدیاکان
مۆڵەتدان بە هەموو رێکخراوە ناوخۆیی و رۆشنبیرییەکان و دامەزراوە میدیاییەکان بەپێی یاسا بەرکارەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان.
13ـ خوێندنی کوردی
کارکردن لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی خوێندنی پێکهاتەی کورد و رەچاوکردنی تایبەتمەندییە پەروەردەییەکان.
14ـ گەڕانەوەی ئاوارەکان (عەفرین و سەرێکانی)
زامنکردنی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ شار و گوندەکانیان (عەفرین، شێخ مەقسود، سەرێکانی)، و دانانی بەرپرسی خۆجێیی لەناو ئیدارە مەدەنییەکانی ئەو ناوچانە.