هێزی وەزارەتی ناوخۆی سووریا چووە نێو قامشلۆ

هێزەکەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا کە لە 15 ئۆتۆمبێلی سەربازی و 125 ئەندام پێکهاتووە.
لە چوارچێوەی رێککەوتنە دووقۆڵییەکەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشق، ئەمڕۆ سێشەممە، 3/2/2026، هێزێکی وەزارەتی ناوخۆی سووریا چووە نێو قامشلۆ.
هێزەکەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا کە لە 15 ئۆتۆمبێلی سەربازی و 125 ئەندام پێکهاتووە؛ بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی ناوخۆی قامشلۆی سەر بە هەسەدە، چوونەتە نێو شارەکە.
وەک هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی هەر گرژی و ئاڵۆزییەک لە کاتی هاتنی هێزی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، لە کاتژمێر 06:00ـی بەیانیی ئەمڕۆوە، قەدەغەی گشتیی هاتوچۆ لە قامشلۆ و دەوروبەری راگەیەنراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، (02ـی شوبات)، هەر لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی راگەیەنراوە؛ هێزەکانی ناوخۆی سووریا چوونە نێو هەردوو شاری حەسەکە و کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان.
مەروان عەلی، بەڕێوەبەری نوێی ئاسایشی حەسەکە (سەر بە دیمەشق) لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەنگاو بە هەنگاو هەموو بەندەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێن.